سلێمانی لێسەندنەوەی كۆكردنەوەی داهاتی شارەوانی لە كەرتی تایبەت دەخاتە دەنگدانەوە

بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆیدا هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆكردنەوەی داهاتی شارەوانییەكان لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە بخاتە دەنگدانەوە.

كۆبوونەوەكە بەپێی بەرنامەی كار رۆژی چوارشەممە 16ی تشرینی دووەم ئەنجامدەدرێت و خاڵی یەكەمی بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە لەخۆدەگرێت.

داهاتەكە ئەو بڕە پارانە دەگرێتەوە كە لە بری خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لە هاوڵاتییان، كاسبكار و بازرگانان وەردەگیرێن وەك پارەی (خۆڵ و خاشاك، تابلۆی دوكان و شوێنە بازرگانیەكان) و پێشتر بەپێی بڕیارێكی دادگای تەممیزی هەرێم وەرگرتنی لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە بە نایاسایی دانراوە.

بەرزان حامید، سەرۆكی لیژنەی شارەوانیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك و خزمەتەكانی دیكەی شارەوانی لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە نایاسایی ناوبراوە.

وتیشی، “جگە لە رووە یاساییەكەی، هەندێك گرفتی دیكە هەبوون، لەڕووی گرێبەستی كۆمپانیاكان، هەروەها هەندێك لە كۆمپانیاكان پارەیان بە نەقدی وەرگرتووە و بە چەك رادەستی شارەوانییان كردووە ئەمەش پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانە”.

لە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكاندا وەزارەتی شارەوانی پشتی بە یاسای ژمارە 130ی ساڵی 1963 بەستووە، بەڵام دادگا بە نایاسایی ناوبردووە و دەڵێت، پێویستە وەزارەتەكە خۆی بەو كارە هەڵبسێت، بەرزان حامید وای وت.

دەربارەی ئەوەی ئایا شارەوانییەكان دەتوانن ئەو پارەیە كۆبكەنەوە، سەرۆكی لیژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوەی خستەڕوو، پێشنیاریان كردووە لەسەر داهاتەكە ژمارەیەك كەس بە گرێبەست دابمەزرێندرێن، ئەو كەسانە ئەركی كۆكردنەوەی داهاتی خزمەتگوزارییەكان بگرنەئەستۆ.

خاڵی دووەم و سێیەمی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فراوانكردن و هێنانەكایەی دوو گوند لە سلێمانی و گەرمیان لەخۆدەگرێت.

بابەتی پێشتر

فەرەنسا و بەریتانیا رێككەوتنێكی نوێ بۆ رێگری لە كۆچبەران واژوودەكەن

بابەتی دواتر

لە ناو تانکەرێکی سووتەمەنیدا دەستبەسەر سێ هەزار لیتر خواردنەوەی کهولیدا گیرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دانا عەبدولكەریم: ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای كەلار – دەربەندیخان تەواودەكرێت

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای سەرەكیی كەلار – دەربەندیخان تەواودەكرێت.…
Total
0
Share