ئەو ئۆتۆمبێلە فیرارییەی مایكڵ شوماخەر-ی ئەفسانەی فۆڕمۆلا وەن و حەوتجار پاڵەوانی جیهان لە ساڵی 2003دا نازناوی شەشەمی خۆی پێچنییەوە، ئەمڕۆ لە زیادكردنێكدا لە جنێف بە پارەیەكی پێوانەیی فرۆشرا كە 13.2 ملیۆن دۆلارە.
خانەی سوسبی تایبەت بە زیادكردنەكان پاش دووپاتكردنەوەی فرۆشتنەكە رایگەیاند، فیرارییەكە لە جۆری (ئێف 2003-جی ئەی)یە، كە شوماخەر لە وەرزی 2003دا چەندین پێشبڕكێی پێبردووەتەوە، فرۆشتنەكەی “نرخێكی پێوانەیی ئۆتۆمبێلی فۆڕمۆلا وەن-ە لە سەردەمی نوێدا”.
ئەوەش دوو هێندەی ژمارەی پێوانەیی پێشووە كە 7.5 ملیۆن دۆلارە، كە ئۆتۆمبێلێكی فیراریی دیكەیە و بەهەمان شێوە شوماخەر لە وەرزی 2001 بەكاریهێنا و، ساڵی 2017 لەلایەن خانەی سوسبی-یەوە لە نیویۆرك فرۆشرا.
خانەی زیادكردنەكە دواتر ئاشكرایكرد، لەدوای زیادكردنی باج و رسومات، نرخی كۆتایی فیرارییەكەی 2003 گەیشتووەتە 14.9 ملیۆن دۆلار.
بەڵام ناسنامەی كڕیارەكە ئاشكرانەكرا، كە نرخی خۆی لەڕێی تەلەفۆن لە ئەوروپاوە داوە دوای گەرمبوونی نرخەكانی زیادكردنەكە بۆ ماوەی زیاتر لە 40 خولەك.