کتێبی پێشبینیی پاپاکان: ساڵی 2027 عیسای مەسیح دەگەڕێتەوە سەر زەوی

دەستنووسێکی کۆن، کە ناوی لێنراوە “پێشبینیی پاپاکان” پێشبینیی ناوی ئەو کەسەی کردووە، کە دەبێتە جێگرەوەی پاپا فرانسیس و دەشڵێت، ساڵی 2027، عیسای مەسیح دەگەڕێتەوە سەر زەوی.

میدیا جیهانییەکان باسیانلەوەکردووە، ئەم دەستنووسە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوازدەهەم، لە ئەرشیڤی نهێنیی ڤاتیکاندا هێڵدراوەتەوە و ناوەڕۆکەکەی، کۆمەڵێک دەستەواژەی لاتینیی تێدایە کە تێگەیشتن لێی سەختە، کە شارەزایان بە “وەسفکردن و دیاریکردنی پاپاکانی کەنیسەی کاسۆلیکی” لێکیدەدەنەوە.

دەوترێت مێژووی دەستنووسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1139ـی زاینی، کە ئەوکات (مەلاکی پیرۆز) کە کەسایەتییەکی پیرۆزی کاسۆلیکییەکانە، سەردانی رۆمای کردووە و خەونێکی بینیوە، بەپێی خەونەکەی، دەستنووسەکەی داڕشتووەتەوە. پێشبینییەکە 112 دەستەواژەی کورت و نهێنی لەخۆدەگرێت، کە شارەزایان دەڵێن، باس لە هەر یەکێک لەو پاپایانە دەکات، کە لەکاتی نووسینییەوە تا رۆژی دوایی، حوکمڕانیی کەنیسەی کاسۆلیکی دەکەن.

لە ناوەڕۆکی دەستنووسەکەدا، باس لەو کاندیدانە کراوە کە یەکێکیان دەبێتە جێگرەوەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کە دوێنێ دووشەممە، کۆچی دواییکرد؛ تێیدا نۆ کاندید دیاریکراوە، کە سیانیان ناویان “پیتەر”ـە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە قسە و نیگەرانییەکان لەبارەی متمانەپێکراوی و کاریگەرییەکانی پێشبینییەکە زیاتر بێت؛ چونکە ئێستا سێ کەس لەو کاندیدانەی دانراون بۆ شوێنگرتنەوەی پاپا فرانسیس، ناویان پیتەرە، (پیتەر ئێردۆی-هەنگاریا، پیتەر تورکسۆن-غانا، پیتەر پارۆلین-ئیتاڵیا).

ئەو بڕگەیەی زۆرترین مشتومڕی لێکەوتووەتەوە، باس لە نزیکبوونەوەی رۆژی دوایی دەکات و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، ساڵی 2027، عیسای مەسیح دەگەڕێتەوە سەر زەوی و دادوەری لەسەر زیندوو و مردووەکان دەکات، پێشبینییەکە رۆژی گەڕانەوەی عیسای پێغەمبەری بە “رۆژە چارەنووسسازەکە” وەسفکردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێکی دیکە لە شارەزایان، بابەتی پێشبینیی پاپاکان بەتەواوی رەتدەکەنەوە و باسلەوەدەکەن، دەستنووسەکەی (مەلاکی پیرۆز) سەرەڕای ئەوەی زۆر ناڕوونە، پێشبینییەکانیشی تا ساڵی 1590ـی تێدابووە و لە دوای ئەوەوە، بەپێی سەردەمەکان گۆڕدراوە و ساختەکاریی تێداکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share