محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بێسوودە ئەگەر پارە دزراوەكان نەگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا دۆسیەكانی گۆڕینی فەرماندە ئەمنییەكان و ئاوارەكان تاوتوێكراون.
سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەختیكردووەتەوە لەوەی دەبێت دامەزراوە ئەمنییەكان لە وەبەرهێنانی حزبی و سیاسی دووربخرێنەوە و حزبەكان وەبەرهێنانیان تیادا نەكەن.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیران، سودانی پێداگیری كردووە لە پێویستیی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان و رایگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پارە دزراوەكان نەگەڕێندرێنەوە، هاوڵاتییان وەك پێویست بڕوا بە حكومەت ناكەن و متمانەیان پێینابێت.