وەزیری دادی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەم حكومەتە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی سیاسیی كراوە و دەشڵێت، گەرەنتیمان بۆ داواكارییەكانی كورد وەرگرتووە.
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم حكومەتە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی سیاسیی كراوە و كۆمەڵێك ڕێوشوێن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕێندراوەكان لەو كارنامەیەدا جێگیركراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە كارنامەكەدا هاتووە، بڕیاردراوە لیژنەی ماددەی 140ی دەستوور دروستبكرێت و بودجەی بۆ تەرخانبكرێتەوە كە ئەوەش ڕێگردەبێت لە تەعریبكردنی ناوچەدابڕێندراوەكان.
وەزیری دادی عێراق جەختیكردەوە، “گەرەنتیمان بۆ داواكارییەكانی كورد وەرگرتووە و بەپێی بڕگەیەكی دیكەی كارنامەی حكومەتەكە هەموو كەسوكاری شەهیدان لە ناوچەدابڕێندراوەكان هاوشێوەی كەسوكاری هێزە چەكدارییەكان هەمان ئیمتیازاتیان دەبێت”.