گەشتی دەرەكیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک بە سەرپێچی دەستیپێکرد و لە یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیدا، فڕۆكەخانەكە دوو سەرپێچیی تۆماركردووە.
یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک بۆ شاری مەدینەی سعودیە بوو كە كاروانێك عەمرەكاری بۆ ئەو شارە دەگواستەوە، بەڵام نیشتنەوەی فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانە، دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی سعودیەی نیگەرانكرد.
بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق كە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوکی کردووە، ئاماژە بە دوو سەرپێچی كراوە کە فڕۆکەخانەی مەدینە لە یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوکدا تۆماریكردوون.
سەرپێچییەكان بریتین لەوەی گەشتەکەی کەرکوک لە لیستی گەشتەکانی فڕۆكەخانەی مەدینە تۆمارنەکراوە و فڕۆکەخانەكە پێشوەختە ئاگاداری گەشتەكە نەبووە، پاسپۆرتی گەشتیاران و تیمی فڕۆكەوانیی فڕۆکەکەش لای دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی سعودیە و فڕۆكەخانەی مەدینە تۆمارنەکراون.
بەهۆی ئەو دوو سەرپێچییەوە، هێڵی ئاسمانیی سعودیە هۆشداری داوە بە هێڵی ئاسمانیی عێراق و هەڕەشەیكردووە بەوەی لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچیی لەو جۆرەدا رێكاری توند دەگرێتەبەر.