عێراق سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك له‌ سلێمانی‌ ده‌كاتەوە

به‌ هه‌وڵی‌ پەرلەمانتارێكی یەكێتی، وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی فیدراڵی سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك له‌ سلێمانی‌ ده‌كاتەوە و دەرمان بۆ نەخۆشخانەكانی چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە دابیندەكرێت.

د. نه‌رمین مه‌عروف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، وردەكاریی پڕۆژەكەی بۆ ئێستا خستەڕوو و ڕایگەیاند، لەگەڵ د. هانی عیقابی وه‌زیری‌ ته‌ندروستیی‌ عێراقدا كۆبووەتەوە و وەزیر ڕه‌زامه‌ندیی‌ ده‌ربڕیوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك له‌ پارێزگای‌ سلێمانی.

وتیشی، “‌پڕۆژەی دروستكردنی سەنتەرەكە، له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراوی‌ ناو یاسای‌ ئاسایشی‌ خۆراك جێبەجێدەكرێت” و جەختیكردەوە، دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆری له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانی له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌، له‌ یاسای‌ ئاسایشی‌ خۆراكدا 150 ملیار دیناریان له‌ناو یاساكەدا چه‌سپاندووە بۆ دابینكردنی‌ ده‌رمانی‌ نه‌خۆشیی‌ شێرپه‌نجه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ عێراق به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه.

وەك پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەڵێت، لە وەڵامی نووسراوێكیدا بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، ئەوە ئاشكراكراوە كه‌ 20%ی‌ تووشبووانی‌ شێرپه‌نجه‌ ئه‌و ژنانه‌ن كه‌ تووشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك بوون و داوای‌ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌رێكی‌ پشكنینی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك-یان كردووه‌، ئەویش داواكارییەكەی ئاراستەی د. هانی عیقابی وەزیری تەندروستیی عێراق كردووە و ناوبراو ڕەزامەندیی نیشانداوە بۆ كردنەوەی سەنتەرەكە.

بابەتی پێشتر

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک هەڵبژاردنەکەی عێراق چ سوودێکی گەیاندووە؟

بابەتی دواتر

تابلۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە سلێمانی دەگۆڕدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share