نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان داوا لە ئیدارەی یانەکەی دەکات بۆند لەگەڵ لیۆ مێسی ئەفسانەی یانەی بەرشلۆنە واژووبکەن.
ئەستێرەکەی سیلیساو لەدوای بردنەوەی پاریس لە گەڕی پێنجی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەرانبەر مانچستەر یونایتد بە تۆڕی “ESPN”ی ڕاگەیاند، ” خەونم ئەوەیە دووبارە لەگەڵ مێسی یاریبکەمەوە، تاوەکو ئێستا تاموچێژ لەوە وەردەگرم کە لەناو یاریگا ئەنجامی دەدات”.
هەروەها دەڵێت، ” لەهەر پێگەیەک مێسی بیەوێت یاریبکات پێی قایلدەبم، تەنانەت ئەگەر پێگەکەی خۆشم بێت کێشەم نییە (بەپێکەنینەوە)، ئەوەی دەمەوێت دووبارە یاریکردنە لەگەڵ هاورێکەم و وەرزی داهاتوو هەوڵی بۆ دەدەین”.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە پێگەی پاریس لە خولی یانە پاڵەوانەکان و مەترسیەکانی دابەزینیان بۆ خولی ئەوروپی، نێیمار ڕایگەیاند، ” لە ئێستادا خەونەکانمان بەهێزن، تاوەکو ئێستا لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگەوە نەکراومەتە دەرەوە تاوەکو لە یوروپا لیگ یاریبکەم، هەرگیز ئەوە بەبیرمدا نەهاتووە، کە ساتە قورسەکان دێتە پێشەوە من بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرم و نەهاتوم بۆ پاریس تاوەکو لە خولی ئەوروپی یاریبکەم”.
هەندێک لەسەرچاوەکان بە سەرسامییەوە لە لێدوانەکانی “نێی” دەڕوانن و پرسیاردەکەن: مەبەستی لە یاریکردن لەگەڵ لیۆ مێسی لە یانەی پاریس سانت جێرمان بووە یاخود بەرشلۆنە؟