مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لە دامەزراوەیەکی حکومەتدا کاری کردووە و دانیناوە بە کوشتنی خۆپیشاندەراندا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی لە زاری مستەفا کازمییەوە ڕاگەیاندووە، ئەو کەسەی هەفتەی ڕابردوو دەستگیریانکردووە، کەسێکی گرنگە کە سەر بە یەکێک لە دامودەزگاکانی دەوڵەتە، کە دانی بە کوشتنی خۆپیشاندەران و هەندێک کەسایەتیدا ناوە.
کازمی داوای لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، یاسادانان، دادوەری و ئەمنی کردووە، هاوکاریی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی یاسا، ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو کەسێک دەزانێت کێ خاوەنی چەکە نایاساییە، ئێمەش ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتەکەی هەوڵدەدات “بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی چەکدا بکات، بەبێ ئەوەی ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵک هەبێت”.
لەلایەکی دیکەوە کازمی کە ئێستا لە نیویۆرکە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی “داواکاریی سێیەم خولی گفتوگۆی نیشتمانی دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان، جگە لە دیالۆگ هیچ ڕێگەیەکمان نییە”. جەختی لەوە کردەوە، “دەرفەتمان هەیە بۆ بونیادنانی عێراق و دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن”.
سهرۆك وهزیرانی عێراق داوای له هێزه سیاسییهكان كرد “بهرپرسیارێتییە مێژووییهكانیان بهرامبهر عێراق له ئهستۆ بگرن و دەرفەتهكانی گفتوگۆی نیشتمانی بقۆزنهوه”.