کۆنگرێس پلانە 400 ملیار دۆلاریەکەی بایدنی بۆ ئاووهەوا و تەندروستی پەسەندکرد

لە دەنگدانی کۆتاییدا کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، کۆنگرێسی ئەمریکا پلانە گەورەکەی جۆ بایدنی بۆ ئاووهەوا و تەندروستی پەسەندکرد، ئەوەش بە سەرکەوتنێکی گرنگ بۆ سەرۆکە دیموکراتییەکەی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک پێشتر ئەنجومەنی پیران دەنگی لەسەر پلانەکەی بایدن دا، دوێنێ ئەندامانی دیموکراتەکانی ئەمریکا کە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیان پێکدەهێنن پلانەکەیان پەسەندکرد.

پلانەکەی بایدن کە بڕەکەی 430 ملیار دۆلارە، دەکرێت وڵاتەکە بخاتە سەر ڕێگایەکی دروست لە گەیشتن بە ئامانجەکەی کە کەمکردنەوەی ئەو گازە ژەهراوییانەیە دەبنە هۆی قەتیسبوونی گەرما، ئێستا پلانەکە پێویستی بە واژووی بایدنە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و جێبەجێبکرێت.

بایدن لەوبارەیەوە دەڵێت، “ئەمڕۆ ڕۆژی سەرکەوتنی ئەمریکییەکانە”، لەڕێگەی ئەم پلانەوە خەڵکی ئەمریکا دابەزینی نرخی دەرمان و چاودێریی تەندروستی و تێچووەکانی وزە دەبینن.

لەلایەکی دیکەوە نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەبارەت بە پلانەکە ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ڕۆژی ئاهەنگگێرانە”.

لەبەرامبەردا کۆمارییەکان ڕەخنە لە پلانەکەی بایدن دەگرن و دەڵێن، پلانەکە هۆکارە بۆ خەرجیی گشتیی ناپێویست، هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە Truth Social داوا لە هەموو کۆمارییەکان دەکات دژی پلانەکە بووەستنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پلانەکەی بایدن گەورەترین وەبەرهێنانی ئەمریکایە لەبواری ئاووهەوا و بڕەکەی 370 ملیار دۆلارە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان و قەتیسبوونی گەرما بەڕێژەی 40% تا دەوروبەری ساڵی 2030.

بەوپێیە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکڕێت، نزیکەی حەوت هەزار و 500 دۆلار لە باج دەبەخشرێت، هەرکەسێکیش پلێتی وزەی خۆر دابنێت بە ڕێژەی 30% هاوکاری دەکرێت.

پلانەکە بەشێکی تایبەتە بۆ پارێزگاریکردن لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە لە سوتان، کە بەشێکی ڕۆژئاوای ئەمریکای گرتووەتەوە.

هەروەها بە ملیاران دۆلار تەرخانکراوە بۆ ئەو پیشەسازییانەی کە زیاتر هۆکاری پیسبوونی ژینگەن، لەپێناو گۆڕانکاری لەبواری وزەدا.

پلانەکە بڕی 64 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ بواری تەندروستی و کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بەشێوەی پلە بە پلە.

 

بابەتی پێشتر

ئێف بی ئای بەڵگەنامەی زۆر نهێنی لە شوێنی مانەوەی ترەمپ دەدۆزێتەوە

بابەتی دواتر

پارتی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share