قوباد تاڵەبانی: نەوت و گاز هەمیشەیی نین و ڕەنگە لە ئاییندەدا نەمێنێت

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، نەوت و گاز هەمیشەیی نین و ڕەنگە لە ئاییندەدا نەمێنێت ئەوكات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەكنەلۆژیا دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕێوڕەسمێكدا كە لەلایەن رێكخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ و بەشی گەنجانی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ڕێكخرابوو، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “كاتێك باسی داهێنانی تەكنەلۆژیا دەكەین بیرمان دەچێت بەلای وڵاتە پێشكەوتووەكان، بەڵام ئێوە ئەوەتان ڕەتكردووەتەوە و سەلماندووتانە كە گەنجەكانی خۆمان، كوڕان و كچانی كوردستان دەتوانن داهێنەربن.”

ئاشكرایكرد، “دەرفەتێكمان بۆ ڕەخساوە كە ببینە ناوەندێك بۆ داهێنانی تەكنەلۆژیا بۆ كوردستان و عێراق و ناوچەكە، چونكە كۆمەڵگەیەكی گەنج و توانایەكی مرۆیی بەهێزمان هەیە دەتوانین ببینە ناوەندێك بۆ داهێنانی تەكنەلۆژیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست”.

جێگری سەرۆك وەزیران ڕاشیگەیاند، “داهێنانەكانتان ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و زیادكردنی هەلی كار، چونكە دەزانین نەوت و گاز هەمیشەیی نین و ڕەنگە لەئاییندەدا نەمێنێت ئەوكات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەكنەلۆژیا دەبێت”.

بابەتی پێشتر

چاندنەوەی قژ لە کلینیکی ڕۆناڵدۆ بە چەندە؟

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: ڕۆژانە چوار بۆ پێنج سانتیمەتر ئاستی ئاوی دوكان كەمدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share