ئه‌مشه‌و، شه‌ممه به‌شێک له ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌کانی هه‌فته‌ی 11ی خولی پله یه‌کی ئیسپانیا ئه‌نجامدران، یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید دۆڕاندنێکی چاوه‌ڕواننه‌کراوی تۆمارکرد.
له چوارچێوه‌ی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌کانی هه‌فته‌ی 11ی لالیگا، یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید له یاریگای دی ستیفانۆ میوانداری دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسی کرد و یارییه‌که به ئه‌نجامی دوو گۆڵ به‌رانبه‌ر گۆڵێک له به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی میوان کۆتاییهات.
ئه‌ستێره‌کانی زێدان به پێکهاته‌یه‌کی یه‌ده‌گه‌وه هاتنه ناو یاریگا و هاوشێوه‌ی ڕابردوو سه‌رکه‌وتونه‌بوون له پاراستنی گۆڵی تیبۆ کۆرتوا، له خوله‌کی پێنج به لێدانی سزا لوکاس پێرێز گۆڵی یه‌که‌می له‌سه‌ر تۆمارکردن.
کاردانه‌وه‌ی ڕیاڵ مه‌درید له کۆتا ساته‌کانی ئه‌و تایمه‌دا به‌هێزبوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی تۆڕی گۆڵی پاچیکۆ بهه‌ژێنن و ئه‌و تایمه به گۆڵێکی بێوه‌ڵام کۆتاییهات.
له تایمی دووه‌مدا هیواکان به ماریانۆ و هاوه‌ڵانی به‌هێزبوو گۆڵی یه‌کسانکردنه‌وه و پاشان بردنه‌وه تۆماربکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوویدا پێچه‌وانه‌بوو..
له خوله‌کی 50 تیبۆ کۆرتوا هه‌ڵه‌یه‌کی ته‌کنیکی له گواستنه‌وه‌ی تۆپدا ئه‌نجامدا و خوسێ لویس ماتۆی ناسراو به خوسێلۆ گۆڵی دووه‌م و فراوانکه‌ری ئه‌نجامه‌که‌ی بۆ ئالاڤێس تۆمارکرد، له کۆتا ساته‌کاندا (خوله‌کی 85) کاسیمێرۆ گۆڵێکی بۆ میره‌نگی تۆمارکرد، به‌ڵام به‌هۆی که‌می کاته‌وه ده‌رفه‌تی یه‌کسانکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌که‌یان پێنه‌درا و یارییه‌که به ئه‌نجامی دوو گۆڵ به‌رانبه‌ر گۆڵێک له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئالاڤێس کۆتاییهات.
به‌پێی ئه‌نجامه تۆمارکراوه‌که‌ی ئه‌مشه‌و، دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس به کۆکردنه‌وه‌ی 13 خاڵ له پله‌ی 15بۆ پله‌ی نۆ بازیدا و یانه‌ی شاهانه له سنوری 17 خاڵدا وه‌ستایه‌وه و له‌پله‌ی چواره‌می ڕیزبه‌ندی دوای یانه‌کانی ڕیاڵ سۆسیداد، ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید، ڤیاڕیاڵ جێگیربوو.