مۆدریچ: نازانم چی ڕوودەدات، بەڵام نامەوێت ڕیاڵ مەدرید بەجێبهێڵم

چاوپێکەوتن لەگەڵ لوکا مۆدریچ، یاریزانی هەڵبژاردەی کرواتیا و یانەی ڕیاڵ مەدرید

ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لوکا مۆدریچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

مایسترۆ کرواتییەکە لە وەڵامەکانیدا ڕایدەگەیەنێت، کە خەونی نوێکردنەوەی بۆندەکەیەتی لەگەڵ مێرەنگی دوای ئەوەی لە 30/7ی ساڵی 2021 کۆتاییدێت، هەروەها ئەو کێشانە ئاشکرادەکات کە بەهۆی پێکانی زۆرینەی یاریزانانەوە ڕوبەڕوی زێدان و ڕیاڵ مەدرید بووەتەوە.

باردۆخت چۆنە؟ پێتوایە وەرزی داهاتوو لە مەدرید یاریدەکەیت؟

لە دۆخێکی باشدام، ئەو یارییانەی یاریم نەکردووە بەهۆی بڕیاری ڕاهێنەرەوە بووە، کاتێک پشتم پێدەبەستێت هەوڵدەدەم بەوپەڕی تواناوە یاریدەدەربم و کارێکی باش بکەم، هەستدەکەم لە بارودۆخێکی جەستەیی گونجاودام و پێیەکانم توانا و وزەی بەردەوامبوونیان تیاماوە، زۆرجار لەبارەی داهاتووەوە پرسیارم لێدەکرێت، بەڵام من بە ئارامی چاوەڕێدەکەم، با بزانین چی ڕودەدات..

لە چیتان کەمە؟ بۆچی ڕیاڵ مەدرید ئاستێکی هاوسەنگ پێشکەشناکات؟

لەهەر شتێک کەموکورتی بچوکمان هەیە، یەکەم کێشە پێکانی یاریزانان و توشبوونیانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەڕووی هونەرییەوە پێویستمان بە بەهێزی و ڕێکخراوی هێڵی بەرگرییە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە چەندین خاڵی باش نیشانبدەین و پێویستە بەو ڕیتمە بەردەوامبین، بارودۆخمان لەم وەرزەدا ئاڵۆزە و بەهۆی ئامادەنەبوونی هاندەرانەوە زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، پێموایە وەرزی داهاتوو باشتر دەبێت.

لەم ماوەیەدا یاریزانان لە بەردەم میدیاکاندا زۆر دەردەکەون و بەرگری لە زێدان دەکەن، هۆکار چییە؟

لەو کاتەوە ڕاهێنەرەکە پەیوەندی بە ڕیاڵەوە کردووە ئێمە بەرگری لێدەکەین، بێگومان پاڵپشتی دەکەین و هەرگیز گومانمان لە تواناکانی نەبووە و متمانەی بە کارەکانی لەدەستنەداوە، بەیەکەوە چەندین نازناومان چنیوەتەوە، هیوادارم بۆ داهاتوو زیاتر بەدەستبهێنین.

بنزیمە جیاواز لە ڕۆڵی هێرشبەریی لەناو یاریگا ڕۆڵی جیاواز دەبینێت، کاتێک لە یارییەکاندا بەشداریناکات چی لە ئەرکی ناوەندکاران دەگۆڕێت؟

کەریم بۆ ئێمە و بۆ یارییەکان گرنگی ئەوتۆی هەیە، بەشدارە لە بەستنەوە و بونیادنانی هێرشەکان، ماریانۆ یاریزانێکی جیاوازە، بەڵام سەلماندی کە دەکرێت پشتی پێببەستین، لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی کەریم دەبێت زیاتر هەوڵبدەین و کەلێنی بەشدارینەکردنی پڕبکەینەوە.

هیچ شتێکی نوێ دەربارەی نوێکردنەوەی بۆندەکەت بوونی نییە، دەتەوێت بەردەوامبیت یان بڕۆیت؟

با بزانین چی ڕوودەدات.. لەم بارەیەوە پرسیاری زۆرم لێدەکەن و منیش هەمان وەڵامدەدەمەوە، لە بارودۆخێکی جەستەیی باشدام و دەتوانم یاریدەی یانەکەم بدەم، دەمەوێت بەردەوامبم و ناشزانم چی ڕوودەدات، بە دڵنیاییەوە بەردەوامبوون ئامانجی سەرەکیمە.

بەهۆی چڕی خشتەی یارییەکان و تێکچوونی پرۆگرامەکانی یاریکردنەوە چەندین خاڵتان لە لالیگا لەدەستداوە، ڕات چییە لەم بارەیەوە؟

یارییەکان زۆرن، ئەوەیان ڕاستە، هەر سێ ڕۆژ جارێک لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانمان، کێبڕکێ ئەوروپییەکان و پاشان لالیگا، ئەوە حاڵی ئێمەیە، ساڵێکە ئێمە وەک یاریزانان کاتێکی ئاڵۆز بەڕێدەکەین، وا دیارە هەمووان دەیانەوێت یاریزانان بەردەوامبن و یاریبکەن، بەڵام هیچ کەسێک پرسیار لە تەندروستیمان ناکات، چەندین حاڵەتی پێکان تۆمارکراون، نەک بەتەنها لە یانەی ئێمە، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو یانەکان، سەرباری ئەوەش دەبێت مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی کۆرۆنا بکەین، تەنها بیرکردنەوە لە دۆخەکە ماندوویکردوین، پێویستە گرنگی زیاتر بە تەندروستی یاریزانان بدرێت، یارییەکان هەر ئەنجامدەدرێن و خولەکانیش ڕاناکەن، ئەگەر پێکانی یاریزانان بەم چەشنە بەردەوامبێت دواتر کێ یاریبکات؟

باسکردنی بەردەوامی میدیاکان لەبارەی نوێکردنەوەی بۆندی ڕامۆسەوە کاریگەری لەسەرتان دروستکردووە؟

نە بێزاریکردوین و نە کاریگەریشی دەبێت لەسەرمان، ئەوە بابەتێکی پەیوەندیدارە بە خودی یاریزانەکە و ئیدارەی یانە، پێویستناکات باسی گرنگی ڕامۆس و ئەو دەستکەوتانە بکەم کە بۆ یانەکەمانی بەدەستهێناوە، تەنها هیوادارین جەمسەرەکان بە ڕێککەوتنێک بگەن ئەو ڕێککەوتنەش لە سوودی هەموواندایە.

ئەگەر هەبوو پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیلانەوە بکەیت..

ئەوەی لە 2018 ڕوویدا کۆتاییهات و هیچ واتایەکی نییە ئێستا بابەتەکە زیندووبکەینەوە، من لە ڕیاڵ مەدرید بەختەوەرم.

سەبارەت ئۆدیگارد ڕات چۆنە؟

یاریزانێکی باشە، مەشقەکان بە باشی ئەنجامدەدات، سەرەتای وەرز دووچاری چەند پێکانێکی سووک هات و ئێستا بەشێوەیەکی ئاسایی ڕاهێنان دەکات، وەک یاریزانێکی زۆر بەهرەدار دەیبینم و دڵنیام یارمەتیمان دەدات و دەبێتە خاڵی هێزی پێکهاتەکەمان، تەنها پێویستی بە ئارامی و وەرگرتنی تاموچێژە لە یارییەکان، بەو مەرجەی ئەوپەڕی وزەی خۆی بەگەڕبخات.

بابەتی پێشتر

"شەرعیەتی دیموكراسییان نەماوە"<br> بڕیارێكی پەرلەمان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لەبیربردووەتەوە

بابەتی دواتر

داوا دەكرێت حكومەتەكەی كازمی دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنج پرسیار لە هالاند

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ستادیەم ئاسترۆ”، ئێرلینگ هالاند بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. ڕۆیشتنی سانچۆ هەواڵێکی ناخۆشبوو؟ من…
Total
0
Share