مانزۆکیچ: میلان لە ئاستی خەونەکانمدایە و لەگەڵ زڵاتان خۆم دەگونجێنم

ماریۆ مانزۆکیچ خۆشحاڵە بە یاریکردن لەگەڵ زڵاتان و بەڵێنی پێشکەشکردنی باشترین ئاست دەدات

ماریۆ مانزۆکیچی کرواتی، یاریزانی نوێی یانەی ئەی سی میلان چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

هێرشبەرە ئەزمووندارەکە خۆشحاڵی دەردەبڕێت بە یاریکردن لەگەڵ ئانتی ڕیبیچ و سیمۆن کایەر کە پێشتر ئاشنابووە پێیان، دووپاتیشی دەکاتەوە، بەوپەڕی تواناوە هەوڵدەدات لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ خۆی بگونجێنێت و یاریکردن لەگەڵ زەبەلاحە سویدیەکە بە دەستکەوت وەسفدەکات.

 

سڵاو ماریۆ.. سەرەتا پێمانبڵێ، هۆکار چیبوو میلانت هەڵبژارد لە کاتێکدا چەندین بۆندی دیکەت پێگەیشتبوو؟

چەند هۆکارێک لە پشت بڕیارەکەمەوەیە، لەبەرئەوەی میلان یانەیەکی مێژووییە و بە دڵنیاییەوە خەون و ئارەزوەکانم بەدیدەهێنێت و لە ئاستی خەونەکانمدایە، هەمووان دەزانن میلان لە تۆپی پێدا چ پێگەیەکی هەیە، لە ماوەی ڕابردوو زۆر هەوڵمدا تاوەکو بە یانەیەکی گەورەی وەک میلان پاداشتبکرێم.

هەست دەکەیت ئامادەیت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەکان؟

لە کۆتا هەفتەکاندا زۆر بەباشی ڕاهێنانم کردووە و هەمیشە ئامادەم، کەسە نزیکەکانم دەزانن لەو کاتەوە زانیومە میلان گرنگیم پێدەدات بەوپەڕی هێزەوە دەستم بە ڕاهێنان کردووە و پێویستە هاندەرانی میلان گومانیان لە تواناکانم نەبێت.

هەندێک یاریزانی میلان لە نمونەی سیمۆن کایەر دەناسیت، پێشتر لە ڤۆلفسبۆرگ یاریتانکردووە، ئەوە چ واتایەک دەبەخشێت؟

زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لەگەڵ سیمۆن یەکدەگرمەوە، بەیەکەوە پەیوەندیمان بە ڤۆلفسبۆرگەوە کرد و لەو کاتەوە یەکدی دەناسین، کاتی خۆشمان بەڕێکرد و کەسێکی ناوازەیە، خۆشحاڵم دووبارە هاوڕێیەتی کەسێک دەکەم بەهۆی ئاست بەرزییەوە بووەتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی میلان.

بەهەمان شێوە ڕیبیچ لە میلانە، هاوڕێتە لە هەڵبژاردەی کرواتیا..

خۆشحاڵم ئەویش لە میلانە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر قسەم لەگەڵدا کرد و پێموت: چاوەڕێمکە بەڕێوەم بۆلات.

یاریکردن لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ چ واتایەکی هەیە بۆ تۆ؟

لە سەردەمی گەنجێتیەوە سەرنجی زڵاتان دەدەم و چاودێری دەکەم، خۆشحاڵم لە یەک پێکهاتە بەیەکەوەین، هەردووکمان تینووی بردنەوەین، زڵاتان یاریزانێکی ئاسایی نییە و منیش هەوڵدەدەم وەک ئەو دەرکەوم، دڵنیام بەخێرایی خۆمان دەگونجێنین و کاری گەورە دەکەین.

لەگەڵ میلان چ ئامانجێکت هەیە؟

یانەیەکی گەورەی وەک میلان هەمیشە ئامانجەکانی گەورە بووە، منیش لەسەر ئەو دۆخە ڕاهاتووم و هیچ کێشەیەکم نییە، ئێمە یاری تۆپی پێ لە پێناو دەستکەوت و ئامانجەکانماندا دەکەین، هەوڵدەدەم لەهەموو یارییەکاندا تەواوی وزەی خۆم بەگەڕبخەم.

ئەم وەرزەی میلان لە خولی ئیتاڵیا چۆن دەبینیت؟

یانەیەکی نمونەییە، تەنها ناوی میلان بهێنە هەموو واتایەکت دەستدەکەوێت و چەندین ئەفسانە پیایدا تێپەڕیان کردووە، میلانی ئێستاش زۆر بەهێزە و ئەوە بۆچوونی هەموو کەسێکە، بۆیە زۆر پەرۆشم بۆ یاریکردن لەگەڵیاندا.

لە کۆتاییدا دەکرێت پەیامێک ئاڕاستەی هاندەرانی ڕۆسۆنێری بکەیت؟

هەمان شت دەڵێمەوە، هەوڵدەدەم باشترین ئاستی خۆم پێشکەش بکەم، بەهەموو هێزمەوە پارێزگاری لە بایەخی یانەکەم دەکەم، دەمەوێت دڵنیایانبن بە لەسەدا 100ی توانامانمەوە ئامادەم بۆ یاریکردن لەگەڵ پێکهاتەی سەرەکی.

بابەتی پێشتر

لەم وەرزەدا کریستیانۆ ڕاوی پێنج دەستکەوتی گەورە دەکات

بابەتی دواتر

سبەی دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share