تین هاگ جەختی لەوە كردەوە كە ئامانجی ئەوەیە تۆپی پێیەكی هێرشبەری دروستبكات و پێشیوایە هێشتا پێكهاتەكەی لە یاریزانی گونجاوی كەمە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، تین هاگی ڕاهێنەری مانچستەر یونایتد باسی لە چەند پرسێكی جیاوازكرد.
تین هاگ دوپاتیكردەوە كە ئەو ئاگای لە دۆخی ڕۆناڵدۆ نییە و هەروەك هەفتەی ڕابردوو هیچ شتێك نەگۆڕاوە.
وتیشی: پێویستمان بە یاریزانی نوێ هەیە بۆ ئەوەی بژاردەی زیاتر و كوالیتی بەرزتر لە تیپەكەدا هەبێت.
جەختیشی كردەوە لەوەی كە ئەو ئامانجی ئەوەیە تیپێكی هێرشبەری دروستبكات و بەردەوام یانەكانی بەرامبەری بخاتە ژێر فشارەوە.
ئاماژەی بەوەشدا كە بردنەوەی یەكەم یاریی خولی ئینگلتەرا زۆر گرنگە بۆ ئەوان.
بەشێك لە وتەكانی تین هاگ
/ ئێمە پێویستەمان بەوەیە پیكهاتەكەمان بەهێزتر بكەین، یاریزانی باشمان هەیە بەڵام پێویستمان بە چەند پێكهاتەیەكی باشە ، دەمەوێت یاریزانی گونجاو بۆ خۆم بدۆزمەوە.
/ دڵخۆشین بە گرێبەست كردن لەگەڵ ئیریكسندا
/ دەگەڕێین بەدوای یاریزانی گونجاو بە شێوازی یاریكردنمان
/ نازانم كەی ڕۆناڵدۆ دەگەڕێتەوە، دۆخەكە هەروەك هەفتەی ڕابردووە
/ فەلسەفەی ئێمە پێشكەشكردنی تۆپی پێیەكی هێرشبەرانەیە
/ لە ئاستی یاریزانەكانی پێشەوە و ناوەڕاست ڕازیم، بەڵام پێویستمان بە یاریزانی تر هەیە
/ مارتینێز و ئیریكسن بەزووترین كات پەیوەندی بە ڕاهێنانەكانی مانچستەرەوە دەكەن و پێموایە زوو لەگەڵ هاوڕێ نوێیەكانیان ڕادێن.
/ هێشتا كات ماوە بۆ ئەوەی گرێبەستی نوێ ئەنجام بدەین
/ هەمیشە بیرم لای یەكەم یاریی بوە لەخولدا، سەرەتا پێویستە ئەو یارییە ببەینەوە و بە بەهێزی دەستپێبكەین.