وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای كشانەوەی هێزەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە دەگرێتە بەر كە لە ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكاندا هەن بۆ پاراستنی سەروەریی خاكەكەی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە یاداشتێكی ناڕەزایی گەیاندووەتە باڵیۆزی توركیا لە عێراق وەك كاردانەوە و ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر بۆردومانكردنی هەرێمی كوردستان كە بەهۆیەوە زیاتر لە 23 كەس لە ناوچەیەكی گەشتیاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ شەهید و برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگێشتی باڵیۆزی توركیای لە عێراق كردووە و سەركۆنەی ئەو هێرشە كراوە كە جۆرێكە لە دەستدرێژكردنە سەر سەروەریی خاكی عێراق، كە مافی خۆیەتی هەموو ئەو ڕێوشوێنانە بگرێتەبەر كە بەپێی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان گەرەنتی كراون بۆ پاراستنی سەروەری خاكەكەی و سەلامەتی هاوڵاتییەكانی.