ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق دەكات وتووێژ لەبارەی ناكۆكییەكانیان دەربارەی نەوت بكەن و بۆ هاریكاری سوود لە یونامی وەربگرن.
وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ گەیشتنە چارەسەری پرسی نەوت كە گونجاوبێت بۆ هەردووی، دووربكەونەوە لە هەنگاوێك كە ببێتەهۆی دروستكردنی گرژی.
سایتی ئەلحورە لەزاری وتەبێژەكەوە كە ناوی ئاشكرانەكراوە وتیشی، “ئەركی نوێی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق (یونامی) ڕایدەسپێرێت بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكان بەمەبەستی هێنانەدی ئەو كارە”.
دووپاتیشیكردەوە، بۆیە هانی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەین ئەوپەڕی سوود لە هەوڵەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان وەربگرن.
شوباتی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتدا، بڕیارێكی دەركرد و بەپێی ناوەرۆكەكەی حكومەتی هەرێم بە ڕادەستكردنی نەوت بە حكومەتی ناوەند پابەنددەكات.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوایین هەڵوێستی لەبارەی پرسی نەوت ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیارییەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجی و قەرز و میلاکی وەزیفی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، “بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبووڵکراو نییە”.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، “حکومەتی فیدراڵی بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووریی، هەرێمی کوردستان لە شایستە داراییەکانی بێبەشدەکات کە لە کۆی 26 مانگ، تائێستا تەنيا بۆ ماوەی 13 مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا 200 ملیار دینارە ناردووە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندووە”.