وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستدایە بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەشەنەی کردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێک کە جێگەی مەترسی بێت و لە چاو وڵاتانی دراوسێش “دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە هەموویان باشترە”.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهبارهی پرسی ماددهی هۆشبهر له ههرێمی كوردستان، ڕایگهیاند، “لە ئێستادا و سەرەڕای کارە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بابەتە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستدایە بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەشەنەی کردووە”.
پێشیوایە، “هەرچەندە نەگەشتووەتە ئاستێک کە جێگەی مەترسی بێت و لە چاو هەموو وڵاتانی دراوسێش دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە هەموویان باشترە”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم پێشیوایە، ئەوەش کە زیاتر جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر بەرهەمنەهاتووە و ئەوەی هەبووە هەمووی لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاتوون.
جەختیشی كردەوە، ئەوانەشی کەهاتوون ڕێژەیەکی زۆر کەمە و توانراوە 70% بۆ 80%ی ئەوانەی کاری ترانزێتیان بەو ماددە کردووە دەستگیربکرێن”.
ڕوونیشیكردەوە، “بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستە تەنها لە ساڵی 2021 دا 1943 کەس دەستگیرکراون و لە شەش مانگی ئەمساڵیش 999 کەس دەستگیرکراون، بۆیە ئامارەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ڕێژەکە لە زیادبوندایە”.