جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و پێیڕاگەیاندن لە ماوەیەكی نزیكدا چارەسەری كێشەی ڕۆتین و ئەو گرفتانە دەكەن كە ڕووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەدواداچوونی بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی وەبەرهێنەران كرد كە لەكاتی وەرگرتنی پڕۆژەكاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و بەڵێنیپێدان كە پلانیان هەیە لە ماوەیەكی كورتدا لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان كاربكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وەبەرهێنەران و كەمكردنەوەی ڕۆتین.
هاوكات قوباد تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ وەبەرهێنەران دووپاتكردەوە و جەختیكردەوە بەهێزكردن و گەشەپێدانی كەرتی تایبەت ستراتیژی حكومەتی هەرێمە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ئابوری و لە ئەمڕۆوە بە هەموو تواناوە كاردەكەن زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنان بڕەخسێنن تا وەبەرهێنەران بە خەیاڵی ئاسوودەوە پڕۆژەكانیان جێبەجێبكەن.