مشعان جبوری پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانیی سیادە ڕایگەیاند، سوریا لە یاداشتێكدا كە بۆ عێراقی ناردووە، سەلماندوویەتی كە ناوبراو “هەڵگری بڕوانامەی دواناوەندییە”.
ڕۆژی 15ی مانگی ئایاری ڕابردوو، دادگای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك مشعان جبوریی لە ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخستەوە، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ “ساختەكردنی بڕوانامەی خوێندن” لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە جبوری پەیامێكی لە تویتەر بڵاوكردەوە و دەڵێت، “سوریا بوونی بڕوانامەكەمی سەلماند دوای ئەوەی نەیارانی سیاسی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ساختەیە و زۆربەی دادوەرانی دادگای فیدراڵی بڕوایانكرد و بڕیاریاندا لە ئەندامێتیی پەرلەمان دوورمبخەنەوە”.
مشعان جبوری نووسیویەتی، “گرنگ ئەوەیە لە چیرۆكی ساختەكارییەكەدا بێتاوانیم سەلمێندرا، بەڵام گەڕانەوەم بۆ پەرلەمان پێویستی بە ڕێكاری یاساییە كە دواتر دەیگرمەبەر”.