لیژنەی بەرگری: هەوڵی جوڵاندنی دۆسیەی پارە بلۆککراوەکانی عێراق لە فەرەنسا بۆکرینی چەک دەدەین

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق ئاشکرایکرد، لە هەوڵداین تاوەکو بتوانرێت دۆسیەی سامانە بلۆککراوەکانی عێراق بۆ کڕینی چەک لە فەرەنسا بەکاربهێنین.

محەمەد ڕەزا ئالحەیدەر سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، “لە پرۆسەی پرچەککردنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی سوپای عێراق کەموکوڕی هەیە، لەبوارەکانی هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانی هەروەها لە هێزی وشکانیشدا لە بوونی زرێپۆش و چەکە قورسەکاندا”.

وتیشی، “لایەنی سەربازیی فەرەنسا و نوێنەری سیاسیی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد سەردانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیان کرد و گەیشتینە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی بۆ گرێبەستی بۆ فڕۆکەی ڕافائیلی فەرەنسی و ڕاداری پێشکەوتووی فەرەنسی چەکی ئاسمانیی جۆراوجۆری دیکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا نەگەیشتوونەتە واژووکردنی گرێبەست لەوبارەیەوە بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە، هەروەها وەزیری بەرگری دوو جار سەردانی فەرەنسای کردووە لەسەر هەندێک جۆری چەک ڕێککەوتوون کە خشتەکەی لەبەردەم لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەماندایە.

سەرۆکی لیژنەی بەرگری دەڵێت، “عێراق داوای ئەو پارانە دەکات کە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا بۆ کڕینی چەک لە فەرەنسا بەکارهاتوون و نەگەیشتوونەتە عێراق و تائێستا بڕی ئەو سامانە نازانین”.

ڕاشیگەیاند، کە عێراق ئامادەیە ئێستا لەبەرامبەر ئەو پارانەدا چەک لە فەرەنسا بکڕێت چونکە لەوکاتەدا پارەکان دراوە بەفەرەنسا بەرامبەر چەک و دواتر بەهۆی گەمارۆکانی سەر عێراقەوە ئەو کارە ڕاگیراوە و پارەکان بلۆککراون.

بابەتی پێشتر

واشنتن: ئارامیمان بەرامبەر ئێران بۆ هەمیشە درێژە ناکێشێت

بابەتی دواتر

یونسێف: لە هەر پینج منداڵێکی عێراقی چواریان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share