گریزمان: مێسی توڕەبوو لێم و ئامادەنیم قژم کورتبکەمەوە

ئەنتوان گریزمان، لە چاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری نەبیستراو ئاشکرادەکات

ئەنتوان گریزمان، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی بەرشلۆنە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بە چەندین بابەتی زیندوو گەرم دەکات، کە ماوەیەکە لەلایەن میدیاکانەوە وەک بابەتی ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

“گریزۆ” چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی موڤیستار پلەس لە پڕۆگرامی “لەگەڵ ڤاڵدانۆ” ئەنجامدەدات، تیایدا ئاماژە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ مێسی و ڕاهێنەرانی یانەی بەرشلۆنە و چەندین بابەتی دیکە دەکات.

 

ڕۆشتن لە ئەتلەتیکۆ

“هەستمکرد کاتی ڕۆیشتنم لە ئەتلەتیکۆ مەدرید هاتووە، ماڵیاواییکردنی گودین و لوکاس کارئاسانیەکی باش بوو، وایانلێکردم بڕیاری پەیوەندیکردن بە یانەی بەرشلۆنە بدەم”.

 

کاتی هاتووە

” کاتی هاتووە هەموو شتێک بخەمەوە جێگەی خۆی، لەبەرئەوەی دانم بەخۆمدا گرتووە ماوەیەکی دوورودرێژە وەڵامی ئەو هەواڵ و زانیارییانەم نەداوەتەوە کە لەبارەمەوە بڵاودەکرێنەوە، ئیتر بەسە”.

 

ئامانجێکی ئاسان بووم

“بەوپێیەی من کەسێکم ڕەخنەکان قبوڵدەکەم و زۆر قسە بۆ میدیاکان و هاندەرانی یانەکەم ناکەم، بووم بە ئامانجێکی ئاسان و بابەتی نادروست لەبارەمەوە بڵاودەکەنەوە”.

 

دەگەڕێمەوە

“داوا لە هەمووان دەکەم، تەنانەت ڕۆژنامەنوسانیش، دەرفەتم پێبدەن، یارمەتیم بدەن لەڕووی دەروونییەوە هێورببمەوە، متمانەم بەخۆمە دەتوانم دووبارە چێژتان پێببەخشم”.

 

قسەکردن لەگەڵ مێسی

” کاتێک پەیوەندیم بە بەرشلۆنەوە کرد لەگەڵ مێسی قسەمکرد، دووپاتیکردەوە یەکەمجار کە بەرشلۆنەم ڕەتکردووەتەوە بێزاربووە و بڕیارەکەمی بە هەڵە وەسفکرد، لە ڕێگەی میدیاکان و لە ژووری جلگۆڕینەکان چەندین لێدوان و کۆمێنتی ئاشکرادران و زۆرینە لە بڕیارەکەی ڕابردووم توڕەبوون، بەڵام دوای پۆشینی درێسی بارسا، مێسی دووپاتیکردەوە، تاوەکو کۆتایی پاڵپشتیم دەکات و لەگەڵمدا گیاندەبەخشێت و کۆڵنادات، ڕۆژانە ئەو ڕاستییە بە چاوی خۆم دەبینم”.

 

هەر هەفتەیەک بابەتێک

” هەر هەفتەیەک و بابەتێک لەسەرم بڵاودەکەنەوە و هەوڵدەدەن لەگەڵ مێسی دووچاری کێشەم بکەن، جارێک دەڵێن لە گواستنەوەکانی زستاندا دەڕوات، جارێکی دیکە دەڵێن یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی منی ناوێت، ئەم هەواڵانە هەرگیز دڵخۆشم ناکات”.

 

لێدوانەکانی ئیریک ئۆڵهاتس

“لەو ڕۆژەوە هاوسەرگیریم کردووە لەگەڵ لێپرسراوی پێشووی کارەکانم، ئیریک ئۆڵهاتس پەیوەندیم نەماوە، بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەم بڕیاربوو وەک میوانی شەرەف ئامادەبێت، بەڵام نەهات، هەروەها لە تەمەنی 14 ساڵییەوە هیچ پەیوەندیم بە ماممەوە نەماوە، پێویستبوو ئەم ڕوونکردنەوەیە بە مێسی و هەمووان بدەم، دەمەوێت ڕاستییەکان ئاشکرابێت، ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە وتراوە ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی من نییە”.

 

دایک و باوکم ڕازی نەبوون

“بڕیاری پەیوەندی نەکردنم بە یانەی بەرشلۆنەوە لەڕێگەی میدیاکانەوە بۆ توڕەکردنی هاندەران نەبوو، بەڵکو ویستم دەریبخەم یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ چۆن دەژی و چۆن بڕیاردەدات، دوای بڕیاری بەردەوامبوون لە ئەتلەتیکۆ دایک و باوکم لێم تورەبوون، ئەوان دەیانویست بە درێسی یانەی بەرشلۆنەوە بمبینن، بەڵام کێشەکە لەوەدابوو من بۆ ئەو هەنگاوە ئامادەنەبووم”.

 

دیشامپ و کومان

” لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکاندا پاڵپشتی دیشامپ و شێوازی یاریکردنیم کرد، بەهیچ شێوەیەک مەبەستم لە کومان نەبوو، بەڵام بابەتە کرایە مشتومڕی میدیایی، ئەوەش بێزارکەربوو، هیوادارم هێورببنەوە و بابەتی هاوشێوە لەبارەی منەوە بڵاونەکەنەوە”.

 

ستایلی قژ

“خەڵکانێکی زۆر داوادەکەن قژم کورتبکەمەوە، بەڵام من ئەوکارە ناکەم، خێزانەکەم دەیانەوێت بە قژی درێژەوە بمبینن، منداڵەکانم، هاوسەرەکەم حەزیان بەوەیە لەسەر ئەم ستایلە بەردەوامبم”.

 

ڕاهێنەر بڕیاری دروستدەدات

“ڕاهێنەر هەر داواکارییەکی هەبێت وەک خۆی جێبەجێیدەکەم، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکەش بە هەڵە ببینم، چونکە تەنها ڕاهێنەران دەزانن چی بۆ پێکهاتەکانیان دروستە و گوێبسیتیان دەبم”.

 

خشتەیەکی ئاڵۆز

“لە بەرشلۆنە هەر سێ ڕۆژ جارێک گەشتێک دەکەین، حەوانەوە وەرناگرین و ئەوەش دووچاری پێکانمان دەکات، پێکانەکان بەهۆی ماندووبونەوەن نەک بە ڕێکەوت”.

 

کیکی سیتیێن

” یاریزان بە یاریکردن ئەزموون وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەش لەگەڵ سیتیێن دووچاری کێشە نەبووم، دایک و باوکم داوایانلێکردم پێی بڵێم بۆچی بەشداریم پێناکات، بەڵام من پێموابوو ئەو پرسیارە سوودی نییە، لەبەرئەوەی هەرگیز پێی نەدەوتم کەی یاریم پێدەکات”.

 

ڤاڵڤێردی

“داوای لێدەکردم لە باڵی چەپ بۆ یاریدەدانی جۆردی ئەلبا یاریبکەم، سەرنجمدەدا هەموو کاتێک متمانەی پێمبوو”.

 

مۆندیالی ڕووسیا

“دیشامپ داوایلێکردین ئامادەکاری بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەرجەنتین بکەین،  وەک ئامادەکارییەک ڕاهێنانی قورسمان ئەنجامدا، پێشنیازمکرد بە پلانی 4-4-2 یاریبکەین و کانتی بۆ ڕاگرتنی مێسی تەرخانبکەین، هاوڕێیان پێیانوتم “وادەزاینت ئێرە ئەتلەتیکۆ مەدریدە”، بەڵام دواتر بەقسەیان کردم.

 

لەگەڵ سیمیۆنی

هەر ڕاهێنانێکی چولۆ هاوشێوەی یارییەکە لە ئاستێکی باڵا، بەهێزی مەشقەکان و هاوارکردن بەسەرمدا بۆ خۆماندووکردنی زیاتر لەلایەن ئۆرتیگا و گابی و کوکی، لە ئەتلەتیکۆ هەمووان ڕاماندەکرد و بەیەکەوە بوونمان هەبوو، تاوەکو ئێستاش ئەم ڕێچکەیە بەردەوامە.

 

دەیڤید بێکهام

لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگا نمونەیە، هاوڕێکانم لە پاریس کە یارییان لەگەڵیدا کردووە ئەو ڕاستیەیان پێوتم، لەناو یاریگا پێیەکی ڕاستی بەهێزی هەبوو، لە دەرەوەی یاریگاش کاریزمایەکی ناوازەبوو.

بابەتی پێشتر

محەمەد حەلبوسی لیژنەیەكی تایبەت بە كێشەكانی هەولێر و بەغداد پێكهێنا

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت ئابوریی هەرێم بەهێزبكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share