ڕۆمەنیگە: مردنی مارادۆنا خەمباری کردم و نۆیەر باشترینی هەموو سەردەمەکانە

چاوپێکەوتن لەگەڵ کارڵ هاینز ڕۆمەنیگە، ئەفسانەی ئەڵمانیا و بایرن میونشن

ئەفسانە و بەڕێوبەری جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن، کارڵ هاینز ڕۆمەنیگە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی بوندس لیگا ڕادەگەیەنێت، کە مانوێل نۆیەر باشترین گۆڵپارێزی جیهانە، هەروەها ڕەتیدەکاتەوە بەراوردی نێوان هانز دیتەر فلیکی ڕاهێنەری یانەکەی بە ڕاهێنەرانی پێشوو لە نمونەی یۆب هاینکس و گواردیۆلا بکات.

ڕۆمەنیگە لە بارەی مارادۆناوە بۆچوونەکانی ئاشکرادەکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

لێکدانەوەت بۆ کارەکانی هانز فلیکی ڕاهێنەری بایرن چۆنە؟

هانز فلیک خاوەنی خەسڵەتی بەهێز و ناوازەیە، شێوازی کارکردنی ئاشکرایە، تەواوی هەفتە خۆی بە ڕاهێنانەکانەوە سەرقاڵدەکات و ڕۆژی شەممە ئەنجامە باشەکان دەدات بەدەستەوە، بۆ بایرن زۆر گرنگە خاوەنی ڕاهێنەرێکی وەهایە.

وەڵامی تۆ چییە بۆ ئەو کەسانەی فلیک بە یۆب هاینکس بەراورد دەکەن؟

لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەندین ڕاهێنەری گەورە بە بایرن میونشندا گوزەریانکرد، لە نمونەی یۆب هاینکس، لویس ڤان خال و پێپ گواردیۆلا، هەموویان بەشداربوون لە سەرکەوتنەکاندا، هەریەکەشیان شێوازێکی تایبەتییان هەبووە و ئەم بنەمایە بەسەر هانز فلیکیشدا جێبەجێدەبێت.

لیڤاندۆڤیسکی پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی باشترینی فیفا، ڕات چییە؟

زۆرم پێباشە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە سەردەمی کۆرۆناشدا دەستبەرداری خەڵاتەکە نەبووە و لەناخی دڵمەوە حەزدەکەم لیڤا براوەبێت، بەتایبەت کە گەیشتووەتە ترۆپکی توانا وەرزشی و جەستەییەکانی، لە ئێستاداوە هەمووان باس لەوەدەکەن خەڵاتەکەی بەدەستیهێناوە، بەڵام دڵنیابن تاوەکو ئێستا هیچ شتێک ڕووینەداوە.

ڕات چییە لەسەر ئەو ئاستەی مانویل نۆیەر پێشکەشیدەکات؟

نۆیەر تەمەنی 34 ساڵە و ساڵ لەدوای ساڵ ئاستی بەرەوسەر هەڵدەکشێت، هاوشێوەی شەرابێکە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و هەڵکشانی تەمەنیدا تاموچێژی خۆشتر دەبێت، لە ئێستادا وەک باشترین گۆڵپارێزی جیهان لێیدەڕوانین، نەک هەر ئەوە، بەڵکو زیاتر دەڕۆم و دەڵێم باشترینی هەموو سەردەمەکانە، هاوشێوەی سیپ مایەر و ئۆلیڤەر کان، من وای دەبینم نۆیەر پێگەی گۆڵپارێزانی بایرن میونشنی گەیاندووەتە ئاستێکی باڵاتر، خۆشحاڵین کە خاوەنی یاریزانێکی هێندە گەورەین.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا کۆچی دواییکرد، لەبارەی ئەم ئەفسانەیەوە چی دەڵێیت؟

بە مردنی مارادۆنا شۆک بووم، زۆر خەمباریکردم، لە سێ ساڵی یاریکردنم لە ئیتاڵیا مارادۆنام ناسی، یاری بۆ یانەی ناپۆلی یاریدەکرد و منیش بۆ ئینتەرمیلان، لە چەندین یاری خولی ئیتاڵیا ڕوبەڕوی بوومەوە.

لەبارەی مارادۆنای یاریزانەوە چیت بیرماوە، لە کاتێکدا تۆ چەندینجار ڕوبەروی بوویتەوە؟

مارادۆنا یاریزانێکی سوپەر بوو و هەرگیز ئاسایی نەبوو، هەرکات لە یاریگا ئامادەبوایە هەستتدەکرد دڵخۆشە بە یاریکردن، کە وازهێنانی لە بواری تۆپی پێ ڕاگەیاند زۆر خەمباربووین، داوا لە هاندەران دەکەم سەیری ئەو دوکۆمێنتارییانە بکەن کە لەبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دڵنیام هیچ کارێکی پرۆفیشناڵانە و جوانتر لەو کارە نابینن.

بابەتی پێشتر

کەشناسی هەرێم لەبارەی دابەزینی پلەکانی گەرما و بارینی بەفرەوە ڕونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم لەبارەی هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیلییەکان ڕونکردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share