ئەنچیلۆتی: گومانکردن لە بنزیمە هیچ مانایەکی نییە

کارلۆ ئەنچیلۆتیی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید دووپاتیکردەوە، کە فلۆرنتینۆ پێرێز متمانەی پێبەخشیوە و بەڵێنی بەردەوامبوونی پێداوە.

ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەندین زانیاریی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی ڕیاڵ مەدرید ئاشکراکرد.

سەرۆک بەڵێنی دا

“لەگەڵ سەرۆک قسەم کرد، متمانەی خۆی بۆ دووپاتکردینەوە، هەموو دونیا دەزانێت گرێبەستی من تاوەکو 2024 بەردەوام دەبێت، یانەکەشم جەختی لەو ڕاستییە کردەوە، بۆیە بە پەرۆشەوە خۆم بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەکەم.”

گۆڕانکاریی ڕیشەیی

“ئاڵوگۆڕی جەنگاوەرانی پێشوو بە یاریزانە گەنجەکان لەم وەرزەدا ڕووینەدا و دەکەوێتە وەرزی داهاتوو، کاتێک من هاتمە ئێرە نەوەیەک ماڵئاواییکرد لە نموونەی کریستیانۆ، دواتر ڤینی و ڕۆدریگۆ و یاریزانی کوالێتی بەرز لە جێگەیان دەستبەکاربوون، وەک دەزانن دەرکەوتنی ڤینیسیۆز حاشاهەڵنەگرە و کاماڤینگا وردە وردە تێکەڵ بە پێکهاتەی سەرەکی بووە، ڕۆدریگۆ لە کورسی یەدەگەوە بووە بە سەرەکی، ئەوانە پێشتر دەستیانپێکردووە، لە داهاتووشدا لاوان ڕۆڵی گرنگیان دەبێت و زیاتر دەردەکەون، بەڵام ئاڵوگۆڕی نەوەکان کاتێک ڕوودەدات کە بنزیمە و لوکا و ناچۆ و کارڤاخال لە یاریکردن ڕادەوەستن.”

ئەم وەرزە

“دەتوانرا ئەم وەرزە باشتر بکرێت، خراپیش نەبووە، بێگومان ئێمە لە ئەنجامی خولی ناوخۆ ڕازی نین، بەڵام لە پاڵەوانێتییەکانی دیکەدا شەڕمان کردووە و سێ ناسناومان بەدەستهێناوە.”

شکستی چامپیۆنزلیگ

“ئاشکرایە کە دەرکردنێکی بەئازار بوو، بەڵام لەبیرتان نەچێت ئەوە قۆناغی نیوەی کۆتایی بوو و نزیکبووین لە یاریی کۆتاییەوە، ئازارمان چەشت، هەندێک جار یانەیەکی لە تۆ باشتر دەردەکەوێت و باشتر کارەکان جێبەجێدەکات، پێویستە چاومان لەسەر داهاتوو بێت.”

 

دەمەوێت فێرلاند مێندی وەرزی داهاتوو بمێنێتەوە، وەرزی ڕابردوو هێڵی بەرگریمانی پتەوکرد

 

بنزیمە

“گومانکردن لە بنزیمە هیچ مانایەکی نییە، ڕاستە یارییەکی خراپی کرد، بەڵام ئەو ئەفسانەی یانەکەمانە، تیپەکەم بەگشتی ڕۆژی چوارشەممە باش نەبوو، نەک بە تەنها بنزیمە.”

نوێکردنەوەی گرێبەستەکان

“یاریزانەکانمان پیشەگەر و بەسەرنجن لە کاروبارەکانیان، کەی بڕیاریاندا گرێبەستەکانیان نوێبکەنەوە، نوێی دەکەنەوە.”

فێرلاند مێندی

“دەمەوێت وەرزی داهاتوو بمێنێتەوە، وەرزی ڕابردوو هێڵی بەرگریمانی پتەوکرد، لەم وەرزەشدا دەگەڕێتەوە و بۆ وەرزی داهاتوو دڵنیام بەهێزەوە دەردەکەوێتەوە.”

گرێبەستەکەی بەڕازیل

“هەمووان دۆخی من دەزانن، دەمەوێت گرێبەستەکەم لێرە تەواو بکەم، بەدڵنیاییەوە تاوەکو ساڵی 2024 لێرە بەردەوام دەبم.”

 

یارییەکەی مان سیتی زۆر خراپ بووین و ئەنجامەکەی بەئازار بوو، تاوەکو ئەو کاتەش وەرزەکەمان بەباشی هێنا

 

کۆبوونەوەکەی پێرێز

“دوێنێ لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە کۆبوومەوە، پشتگیری و متمانەی خۆی نیشاندا و باسی یارییەکەی چوارشەممەمان کرد، ئێمە بە هەمان گوڕوتینەوە بەرەوپێشەوە دەڕۆین و ڕاناوەستین، هەوڵدەدەین باشتر کارەکانمان ڕاپەڕێنین.”

گرێنتی بەردەوامبوونی پێدایت؟

“بەڵێ.”

ئاستی تیمەکە

“ئێمە ئامادەین و لەم چەند ڕۆژەدا خۆمان بۆ گەڕانەوەی هەستی سەرکەوتن ئامادەدەکەین، سبەی ڕۆژێکی نوێیە و هەوڵدەدەین لە خولی ناوخۆ بە ئەنجامێکی باشترەوە ماڵئاوایی بکەین، دڵنیام ڤالێنسیا هەموو هەوڵێک دەدات، بەڵام ئێمە ئامادەین.”

گرێبەست لە پێگەی ژمارە (9)

“کاتی ئەوە نییە باس لە پلانەکانی وەرزی داهاتوو بکەین، ئێمە قسەمان لەگەڵ سەرۆکایەتی یانە کردووە، لە ئێستاشدا تەنها هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە چی ڕوویدا، لە کۆتایی وەرزدا لەو بارەیەوە قسە دەکەین، یارییەکەی مان سیتی زۆر خراپ بووین و ئەنجامەکەی بەئازار بوو، تاوەکو ئەو کاتەش وەرزەکەمان بەباشی هێنا، وەرزی ڕابردووش هەرگیز لەبیرناکرێت.”

بابەتی پێشتر

ساختەكارییەك لە پاتریی ئۆتۆمبێلدا ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

ڕیاڵ مەدرید بۆ مباپێ: دوا مۆڵەتە، بڕیار بدە..

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share