محەمەد حەلبوسی لیژنەیەكی تایبەت بە كێشەكانی هەولێر و بەغداد پێكهێنا

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەكی تایبەت بە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر پێكهێنا و پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، مەبەست لێی لێكنزیكردنەوەی تێڕوانینی هەرێم و بەغدایە بەر لەوەی پرۆژەی بودجە بگاتە پەرلەمان.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەم بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر.

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەدوای پەسەندكردنی یاسای قەرزەوە كێشەیەك لە نێوان هەرێم و بەغداد دروستبوو، هەروەها فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كردووە”.

وتیشی، “لەكاتێكدا بڕیارە پرۆژەیاسای بودجە بەمزوانە بێتە پەرلەمان، ئەمەش هەمان گفتوگۆ و كێشە لەنێوان هەرێم و بەغداد دروستدەكاتەوە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بەلایەوە گرنگە و بە چاكی زانیووە ئەو كۆمەڵە پەرلەمانتارە هەڵببژێرێت تا سەردانی هەولێر بكەن و ڕا و سەرنجی هەرێم سەبارەت بە كێشەكانیان لەگەڵ بەغداد بزانن”.

موسەننا ئەمین ئەوەشی دوپاتكردەوە، مەبەست لە هەنگاوەكە بۆ لێكنزیككردنەوەی تێڕوانینی هەرێم و بەغداد و دروستكردنی جۆرێكە لە ڕێككەوتن، پێش ئەوەی یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی ئەوەیە كە یاسای قەرز چۆن جێبەجێ بكرێت تا پشكی هەرێمی تیا مسۆگەربكرێت.

پەیوەندیدار: كازمی لەنێوان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم و یاسای قەرز تیاماوە

بەپێی زانیارییەكان لیژنەكە لە هەشت ئەندامی پەرلەمان پێكدێت كە هیچ پەرلەمانتارێكی كوردی تێدانییە و زۆرینەیان لە پێكهاتەی عەرەبی شیعەن.

دوابەدوای ڕاسپاردنی لیژنەكەش محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بە فەرمانێكی دیوانی بۆ ئەو ئەركە نیشتیمانییە ڕاسپێردراوین، جەخت لەسەر ئامادەیی تەواومان دەكەینەوە لە خستنەگەری هەموو هەوڵەكانمان بۆ خزمەتكردنی یەكێتی گەل و پارێزگاری لە دابەشكردنی سامان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.

ئەوەشی وت، “لەكاتێكدا جەخت لەسەر چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان بەجۆرێك لە خزمەت سەرجەم لایەنەكاندا بێت و ببێتە هۆی بەرەوپێشەوە بردنی پڕۆسەی وەبەرهێنانی سەروەت و سامان، لەهەمان كاتدا داوا لە حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم سەركردە و هێزە سیاسیەكان لە هەرێم و ئەودوای پارێزگاكان دەكەین هەماهەنگی و نەرمی پێویست بنوێنێن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕاستەقینەی كێشە كەڵەكەبووەكان، پاش وەرگرتنی ڕای فراكسیۆنە سیاسیەكان و پەرلەمانتارانی كورد و لیژنە تایبەتمەندەكان”.

سودانی ئەوەشی دوپاتكردەوە كە سەركەوتنی ئەو ئەركە دەشێت ببێتە نمونەیەك بۆ توانای عێراقییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەلایەن خۆیانەوە بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی.

بەرەبەیانی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای کورتهێنانی دارایی پەسەندکرد، بەڵام بەهۆی بڕگەیەكی مەرجداری تایبەت بە هەرێمی كوردستانەوە فراكسیۆنە كوردییەكان لە دانیشتنەكە كشانەوە.

بڕگەكە كە جەختدەكاتەوە لەوەی دەبێت حكومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکات بۆ رادەستکردنی نەوت و لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ شایستەکانی هەرێم دەنێرێت، جارێكی دیكە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدادی هێنایەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی عێراق: لەو ڤاكسینەی دەستی دەخەین پشكی هەرێمی تێدایە

بابەتی دواتر

گریزمان: مێسی توڕەبوو لێم و ئامادەنیم قژم کورتبکەمەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share