سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، “بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی كاندید ناكاتەوە و هۆكاری بەشدارینەكردنی لە كۆنگرەی كۆمەڵ ئاشكرادەكات.
راشیگەیاند، “بەشدارینەكردنم لە كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەری هۆكاری بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی كۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوون، كێشەی من كەسی نییە، بەڵكو كێشەم ئەوەیە كەم لایەن هێندەی كۆمەڵ خەڵكی خاوەن باوەڕو بۆ خواسوڵحاو و گیان لەسەر دەستی هەیە بەبێ بەرامبەر ئامادەی گیان بەخشینن، بەڵام بەداخەوە ئاستی جەماوەریی كۆمەڵ پاشەكشەی كردووە، رەخنەو نیگەرانیەكانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیر و ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ كات ئامادەنیم باسی كێشە ناوخۆییەكانمان لە راگەیاندن بكەم.
دەشڵێت، “لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی كۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی ماددییەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی ماددیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی 13 ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی مووچەكەم داوەتەوە بەكۆمەڵ، جگە لەوەی پێنج مانگ مووچە و موڵك و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەم دەستیبەسەردا گیراوە تەنانەت ئەو شووقەی كە لە بەغداد تێیدا دەژیم هی كۆمەڵە و مانگی سێ ملیۆن دینار كرێی شووقەكەیان پێدەدەم”.
وتیشی، “بە تەحەداوە دەیڵێم هەمیشە من پارەم داوە بە كۆمەڵ بە پارەی پاداشتی كۆتایی خزمەتی خانەنشینیشەوە و ئەسڵەن من كێشەی ئەوەم هەبووە كە نابێت بۆ ئیدارەدانی كۆمەڵ پارە لەهیچ لایەك وەربگرن تاوەكو ئۆپۆزسیۆنێكی دەنگ دلێربن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بە شوێن پلە و پۆستەوە نەبووم بۆیە هیچ كۆنگرەیەكی كۆمەڵ خۆم كاندیدنەكردووە، لەم كۆنگرەش مامۆستا عەلی باپیر داوایكرد بەشداریبكەم و خۆم كاندید بكەم بۆ سەركردایەتی رەتمكردەوە و ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵ داوایكرد بۆ ئەنجومەنی نوێنەران خۆم كاندید بكەمەوە ئەویشم رەتكردەوە.