یەكێتی و چێوەی هەماهەنگی و عەزم ڕایدەگەیەنن، قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستی بە پەلەكردن لە دەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكانە.
ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و بزووتنەوەی بابلیون بەسەرۆكایەتی رەیان كلدانی كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دواپێشهاتە سیاسییەكان و رێگەچارەكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان بە بەشداری هەموو هێزە نیشتمانییەكان تاوتوێكران، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەیدا هاتووە.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان كردەوە كە قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستی بە پەلەكردن لە دەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاریی عێراقییەكانی هەبێت و ژیانێكی شایستە دابینبكات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە ببێتە ھۆی سەقامگیری زیاتر لە وڵات و ھەنگاو و ئاڕاستە سیاسییەکانیش لە چێوەی بەرژەوەندیی گشتی و بنەما دەستوورییەکان بنرێن.
ڕاشیگەیاند، هەوڵبدرێت سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بەشداربن لە حکومەتی نوێی عیراق و جیاوازییەکانمان بخەینە خزمەت ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان، چونکە ئەگەر بمانەوێت وڵاتێکی ئارام، ئاوەدان و پێشکەوتوو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەموومان پێکەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسساز و نیشتمانییەکان. ئەمەش ئەو سیاسەتە دروست و حەکیمانەیەیە کە یەکێتی کار بۆ بەدیهێنانی دەکات.
لە بەشێكی دیكەیدا هاتووە، چێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو هێزە كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كرد بەشداریی گفتوگۆكان بكەن و ئامادەییشی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە سۆنگەی باوەڕبوونی بەوەی كە دەبێت حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت و خزمەتگوزاری پێشكەشبكات و یەكپارچەیی و سەروەری وڵات بپارێزێت و بەشداربێت لە پاراستنی پێگە و ڕۆڵی عیراق لە ناوچەكەدا.