هه‌نگاوه‌کان چین؟ سیمیۆنی به‌ پێنج هه‌نگاو ئه‌تله‌تیکۆی به‌ره‌وپێش بردووه‌

دیێگۆ سیمیۆنی به‌ پێنج هه‌نگاو ئه‌تله‌تیکۆی گه‌راندووه‌ته‌وه‌ لوتکه‌

یانه‌ی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید له‌م وه‌رزه‌دا ئاستێکی ناوازه‌ی پێشکه‌شکردووه‌ و شاره‌زایانی بواری تۆپی پێی ئیسپانیا پێیان وایه‌، له‌ ڕیاڵ مه‌درید و به‌رشلۆنه‌ به‌هێزترن و له‌توانایاندایه‌ نازناوی لالیگا به‌ده‌ستبهێنن.

ئه‌تله‌تی له‌ ده‌یه‌ی ڕابردوودا یه‌کێکبووه‌ له‌ یانه‌ به‌هێزه‌کانی ئه‌وروپا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجامه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ ململانێی زه‌به‌لاحه‌کانی دیکه‌ بکه‌ن.

له‌م وه‌رزه‌دا 2020/2021 له‌ چوارچێوه‌ی کێبڕکێکانی خولی پله‌ یه‌کی ئیسپانیا له‌کۆی هه‌شت هه‌فته‌، شه‌ش بردنه‌وه‌ و دوو یه‌کسانبوونیان تۆمارکردووه‌ و هیچ دۆڕاندنێکیان نه‌بووه‌، هێرشبه‌رانی یانه‌ 18 گۆڵیان تۆمارکردووه‌ و له‌ ڕووی به‌رگرییه‌وه‌ باشترینن و ته‌نها دوو گۆڵیان له‌سه‌ر تۆمارکراوه‌، له‌ ڕیزبه‌ندی یانه‌کاندا به‌ کۆکردنه‌وه‌ی 20 خاڵ ده‌که‌ونه‌ پله‌ی دووه‌مه‌وه‌.

وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنه‌ری ئه‌رجه‌نتینی له‌ نۆیه‌م وه‌رزیدا وه‌ک راهێنه‌ری ئه‌تله‌تیکۆ توانیویه‌تی له‌ شێوازی یاریکردندا بازێکی گه‌وره‌ بدات، گۆڕانکاری له‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کاندا کردووه‌ و ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش به‌ پێنج هه‌نگاو به‌دیهاتووه‌.

شێوازی یاریکردن

یاریکردنی لویس سوارێز له‌ پێگه‌ی هێرشبه‌ری سه‌ره‌ڕم، هه‌روه‌ها کارابوون و فشاری جواو فیلێکس له‌ نزیک له‌ هێڵی به‌رگری ڕکابه‌رانه‌وه‌ شێوازێکی نوێی به‌ ئه‌تله‌تی به‌خشیوه‌، ڕکابه‌رانی ناچارکردووه‌ له‌ نیوه‌ یاریگای خۆیاندا هه‌ڵه‌بکه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی به‌ پێکهاته‌که‌داوه‌ له‌ شێوازی به‌رگریه‌وه‌ بۆ گووشارکردن هه‌نگاوبنێت، ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی به‌رشلۆنه‌ سه‌ره‌ڕای یارینه‌کردنی سوارێز ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست.

کاراسکۆ، تۆمارکه‌ری تاکه‌ گۆڵی ئه‌تله‌تی به‌رانبه‌ر به‌رشلۆنه‌

داهێنان له‌ هێڵی ناوه‌ند

یاریکردن به‌ مارکۆس لۆرێنتی گۆڕانکاری ڕیشه‌یی به‌سه‌ر ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید هێناوه‌، یاریزانه‌که‌ له‌ ناوه‌ندی هێرشبه‌ری بووه‌ته‌ سه‌نته‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تۆپ و ڕاگرتنی ڕکابه‌ران، ده‌رفه‌ت بۆ‌ کاراسکۆ و ڤیتۆلۆ و ساول نیگوێز دروستبووه‌‌ له‌ باڵه‌کانه‌وه‌ ئاسانتر له‌ ڕابردوو ئه‌رکه‌ هێرشبه‌ریه‌کانیان جێبه‌جێبکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رگریده‌که‌ن، له‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی به‌رشلۆنه‌ کاراسکۆ نه‌ک به‌ته‌نها گورزی له‌ به‌رشلۆنه‌ وه‌شاند، به‌ڵکو باڵه‌ هێرشبه‌ریه‌کانی یانه‌ی ڕکابه‌ریشی لاواز کرد و هێرمۆسۆ و خیمینێز و ساڤیچ توانیان باشتر سه‌رنج له‌ هێرشه‌کانی مێسی و هاوڕێیانی بده‌ن.

به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی یاریزانان

وه‌رزی ڕابردوو یانه‌ مه‌دریدیه‌که‌ به‌ده‌ست لاوازی ئاستی جه‌سته‌یی و هونه‌ری یاریزانانه‌وه‌ ده‌یناڵاند، له‌م وه‌رزه‌دا یاریزانانی وه‌ک هێرمۆسۆ و هێرێرا گه‌یشتوونه‌ته‌ ترۆپک، به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی جه‌نگاوه‌رانی سیمیۆنی له‌هه‌ردوو ڕووی جه‌سته‌یی و هونه‌رییه‌وه‌ ئاستیان به‌ره‌وسه‌ر هاتووه‌.

جواو فیلێکس به‌رانبه‌ر سێرجی ڕۆبێرتۆ

جواو فیلێکس

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌م وه‌رزه‌دا له‌ کۆی 10‌ یاری ته‌نها دوو گۆڵی تۆمارکردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی تاکتیکیه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچووه‌، له‌ نیوه‌ یاریگای ڕکابه‌راندا بووه‌ته‌ مه‌کینه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تۆپ و هه‌ر تۆپێکیش ئاڕاسته‌ی ناوچه‌ی سزای ڕکابه‌ران ده‌کات ده‌بێته‌ جادوی تۆمارکردنی گۆڵ.

متمانه‌ له‌ کاتی پێویستدا

متمانه‌ی سیمیۆنی به‌ یاریزانه‌کانی وزه‌ی زیاتری لێیان ده‌رکردووه‌، کاتێک ڤێرسالیکۆ ماڵئاواییکرد، سیمیۆنی به‌ کڕینی کیران تریپێر باشترین شوێنگره‌وه‌ی دابینکرد، به‌ متمانه‌به‌خشین یاریزانه‌ ئینگلیزیه‌که‌ی کردووه‌ته‌ باشترین، هه‌روه‌ها له‌دوای تووشبوونی یاریزانان به‌ کۆرۆنا و گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ نمونه‌ی خیمینێز و چه‌ندینێکی دیکه هه‌رگیز پێگه‌کانیان له‌ده‌ستنه‌داوه‌‌، ئه‌نخێل کۆریا یه‌کێکی دیکه‌یه‌ له‌ نمونه‌کان، که‌ به‌ شێوازی سه‌ره‌کی و یه‌ده‌گ متمانه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و هاوشانی سوارێز و فیلێکس باشترین سیانه‌ی پێکده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌گه‌ری یاریکردنی کاراسکۆ و گۆڕانکارییه‌ تاکتیکیه‌کانیشدا به‌هه‌مان ئاسته‌وه‌ هێڵی هێرشبه‌ری به‌رده‌وامبوون له‌ تۆمارکردنی گۆڵ.

بابەتی پێشتر

مانچسته‌ر یونایتد پێشوازی له‌ بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی هانده‌ران ده‌کات

بابەتی دواتر

هاوپەیمانان باسلە ڕۆڵی پێشمەرگە و هەسەدە دەکەن لە گێڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خلێفی ستراتیج.. پاریس به‌ شه‌ش هه‌نگاو مباپێ له‌ مه‌درید دوورده‌خاته‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رانی یانه‌ی پاریس سان جێرمان، کیلیان مباپێ له‌سه‌ر سینییه‌کی ئاڵتونی پێشکه‌شی ڕیاڵ مه‌درید ناکه‌ن، به‌ڵکو هه‌موو هه‌وڵێکده‌ده‌ن یاریزانه‌که‌…
Total
0
Share