كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پشكی لایەنەكان لە كورسییەكانی پەرلەمان كە بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی سەدر-ەوە چۆڵبوون ئاشكرادەكات.
دوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ناوی ئەو فراكسیۆن و لایەنانەی ئاشكراكرد كە كاندیدەكانیان دەچنە ئەنجومەنی نوێنەران و جێگەی پەرلەمانتارەكانی سەدر دەگرنەوە كە ژمارەیان 73 پەرلەمانتارە.
بەپێی لیستەكەی كۆمسیۆن، كورسییەكانی فراكسیۆنی سەدر بەسەر لایەنەكانی تردا دابەشدەكرێن و هاوپەیمانیی فەتح 14 كورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا حەوت كورسی، بزوتنەوەی حقوق چوار كورسی-یان بەردەكەوێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بزوتنەوەی عەتا چوار كورسی لە كورسییەكانی سەدر دەبات و هاوپەیمانیی هێزەكان نۆ كورسی و ئەودوای كورسییەكانیش بەسەر فراكسیۆنەكانی تر و سەربەخۆكاندا دابەشدەكرێن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمسیۆن دەڵێت، وەك ڕەچاوكردنی كۆتا، پەرلەمانتارە ژنەكان دەبێت كاندیدی ژن بخرێنەوە جێگەكانیان.