ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی 7ـی ئەیلول (ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک) هۆشداریی لە تێکچوونی مەترسیداری کوالێتیی هەوا دا و ڕایگەیاند، عێراق لە ڕووی کارایی و پاراستنی ژینگەوە لە کۆی 177 وڵاتی جیهان لە ڕیزبەندی 166 دایە، کە هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم مەترسییە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم داڕمانە ژینگەیییە لە چەند خاڵێکدا کۆدەبنەوە:
کەرتی گواستنەوە: بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل و سووتاندنی ڕۆژانەی 5 بۆ 6 ملیۆن لیتر/تەن سووتەمەنی.
مۆلیدە ئەهلییەکان: کارکردنی زیاتر لە 7 هەزار مۆلیدەی گەڕەکەکان بێجگە لە مۆلیدەی شوێنە گشتی و بازرگانییەکان کە بەبێ فلتەر دووکەڵ بڵاودەکەنەوە.
پاشماوە و خاشاک: بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 7 هەزار تۆن خاشاک و سووتاندنی هەڕەمەکییان لە زبڵخانەکاندا.
پاڵاوگە و کارگەکان: چالاکیی 138 پاڵاوگەی نایاسایی و کەمتەرخەمیی کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن لە جێبەجێکردنی مەرجە ژینگەیییەکان.
کەمیی سەوزایی: بڕینەوەی دارستانەکان، بەبیابانبوون و فراوانبوونی کۆنکریت لەسەر حسابی ڕووبەری سەوزایی.
ڕێکخراوی ئایندە جەخت لە پێویستیی هەنگاوی بەپەلە و هاوبەشی نێوان حکومەت و هاووڵاتییان دەکاتەوە بۆ گواستنەوە بەرەو سەرچاوەکانی وزەی خاوێن و بەهێزکردنی چاودێریی ژینگەیی، پێش ئەوەی قەیرانەکە بگاتە ئاستێکی نەخوازراو.