دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، گاریس بەیڵی وێڵزی ماڵئاوایی لە یانەی ڕیاڵ مەدرید کرد، یاریکردنی لەو یانەیەش بە “شانازییەکی گەورە” وەسف کردووە.
شەمەندۆفێرەکەی وێڵز لە هاوینی 2013 بە تێچووی 101 ملیۆن یورۆ لە یانەی تۆتنهام هۆتسپێرزەوە پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە کرد، لەم هاوینە (2022) گرێبەستەکەی کۆتاییهات و لەلایەن ئیدارەی شاهانەوە نوێ نەکرایەوە.
گاریس بەیڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، “نۆ ساڵ لەمەوبەر وەک گەنجێک گەیشتمە ئێرە و ویستم خەونی یاریکردن بۆ ڕیاڵ مەدرید بەدی بهێنم، درێسی سپیم پۆشی و لۆگۆکەیم لەسەر سینگم دانا، یاریکردن لە بێرنابیۆ سەرکەوتن بوو جگە لە چەندین ناسناوی چامپیۆنزلیگ.”
It has been an honour. Thank you! #HALAMADRID @RealMadrid pic.twitter.com/T7FL2LNRrD
— Gareth Bale (@GarethBale11) June 1, 2022
هەروەها نووسیویەتی، “ئێستا دەتوانم ئاوڕێک لە دواوە بدەمەوە و بە هەموو ڕاستگۆییەوە بڵێم، خەونەکەم بووەتە واقیع و زیاتر لەوەش، ئەزموونێکی ناوازە بوو کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە، پێکەوە توانیمان کارێک بکەین بۆ هەمیشە لە مێژووی یانەکەدا بمێنێتەوە، شانازییەکی گەورە بوو.. هالا مەدرید.”