شوماخەری بچووک دەبێتە شۆفێری یەدەگی فێراری

میک شوماخەر، کوڕی مایکڵ شوماخەر-ی ئەفسانەی فۆرمولا 1 بۆ وەرزی نوێ دەبێتە شۆفێری یەدەگی تیمی فێراری-ی ئیتاڵی.

لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری تیمی فێراری بۆ پێشبڕکێکانی فۆرمولا 1، ماتیا بینیتۆ ڕایگەیاندووە، میک-ی کوڕی شوماخەر-ی ئەفسانە بۆ وەرزی نوێ دەبێتە شۆفێری یەدەگی تیمە ئیتاڵییەکە، ئەگەر یەکێک لە چارل لوکلێر یاخود کارلۆس ساینز نەتوانن بەشداریی پێشبڕکێکان بکەن، لەکۆی گشتی 23 پێشبڕکێ، ناوی میک لە 11 پێشبڕکێدا وەک شۆفێری یەدەگ لە تیمە سوورە ناودارەکەی باوکی ناوزەند دەکرێت.

ماتیا بینیتۆ دەڵێت، “هەر کاتێک ئەنتۆنیۆ جیۆڤیناتزی ئامادەبێت، دەبێتە شۆفێری یەدەگی تیمەکەمان، لە 11 پێشبڕکێی کۆتاییشدا شوماخەر دەبێتە شۆفێری شوێنگرەوە، نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە میک لە ئەکادیمیای تیمەکەمانەوە هاتووە و لەداهاتوودا دەبێتە شۆفێری سەرەکیمان”.

هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ئەنتۆنیۆ جیۆڤیناتزی-ی شۆفێری یەدەگی فێراری، کە بۆ تیمی ئەلفا ڕۆمیۆ شۆفێری دەكرد، لەم وەرزەدا ڕوویکردووەتە فۆرمولا ئی و تەنها لە 12 پێشبڕکێدا دەتوانێت بەشداریی فۆرمولا 1 بکات.

میک شوماخەر تەمەنی 22 ساڵە و بۆ تیمی هاس شۆفێری دەکات، بەپێی ڕێسا کارپێکراوەکانی (فیا) دەتوانرێت لە تیمی فێراری-یش ناونووسبکرێت.

بابەتی پێشتر

یوڤانتۆس بە مەرج دی لێخت دەدات بە ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

ڕوسیا بۆ توركیا: باخچەكەت بەناوی "ئەم تیرۆریستەوە" ناومەنێ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share