شەپۆلێكی خۆڵبارین بەشێك لە شار و ناوچەكانی عێراقی گرتەوە و بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێوەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە جارێكی تر خۆڵبارین عێراقی گرتەوە و لە ناوچە و پارێزگاكانی خۆرئاوا و بەغدادی پایتەخت ئاسمانی تەنی.
دەستەی كەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، شەپۆلەكە سبەینێ هەینی چڕتردەبێتەوە و ناوچەی زیاتر دەگرێتەوە و داوای لە هاوڵاتییان كرد دەرگا و پەنجەرەی ماڵ و شوێنەكانیان بە باشیی دابخەن.
سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی خۆڵبارین لە عێراق لە كاتێكدایە، ئاسمانی زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ساماڵ و ڕوونە، بەڵام پێشبینی دەكرێت شەپۆلەكە بگاتە هەرێمی كوردستان.