پەرستیارێك لە تەمەنی 82 ساڵیدا خەونی تەواوكردنی قۆناغێكی تری خوێندنی بەدیهێنا و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كارگێڕیدا بەدەستهێنا.
مای بێڵ ژنێكی ئەمریكیی تەمەن 82 ساڵە، دوای ساڵانێكی زۆر لە كاری پەرستیاری، بڕیاردەدات كاری تایبەت بە خۆی هەبێت و لە بواری ڕێكخستنی چالاكیدا پڕۆژە سەربەخۆكەی دەستپێدەكات.
بەپێی میدیای ئەمریكی كە لێدوانی لە مای بێڵ وەرگرتووە، ناوبراو لە كۆتایی هەفتاكانی تەمەنیدا وەك هەوڵێك بۆ زیاتر برەودان بە شارەزایی و تواناكانی لە بەڕێوەبردنی كارەكەیدا، خوێندن دەستپێدەكاتەوە و دەچێتە زانكۆی مێریلاند و لە بواری كارگێڕیدا دەخوێنێت.
بێڵ هۆكاری هەڵبژاردنی كارگێڕیی دوای ئەزموونێكی زۆر لە پەرستیاریدا، گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی كە سەرپەرشتیی چەندین كۆنگرەی تەكنەلۆژی بۆ ئەو كەس و دامەزراوانە كردووە كە پێشتر لە كەرتی تەندروستیدا كاری لەگەڵدا كردوون، وەك خۆی دەڵێت، “هەمیشە كاردانەوەی ئەوان سەرسامی و ستایشكردنی توانا و بەهرەكانی بووە”، بۆیە بڕیاریداوە لە بەڕێوەبردنی كاردا زیاتر تواناكانی پێشبخات و پسپۆڕی لەو بوارەدا بەدەستبهێنێت.