ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گاز لە هەرێم ڕێكدەخرێتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پڕۆژە یاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەسەندكرد و بڕیاریشیدا ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە هەرێم ڕێكبخرێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای خستە دەنگدانەوە، پاش هەموارکردن و جێگیرکردنی ئەو تێبینییانەی کە پێشتر لەسەر پڕۆژەکە هەبوون، بەکۆی دەنگ پەسەندکرا و بڕیاردرا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگای دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و ئەرکەکانی كرا، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا باشتر دیراسەی ئەم بابەتە بکرێت و بە میکانیزم و شێوازێک ڕێکبخرێتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەنجومەنەکەدا بێت.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، لە ناویشیاندا بابەتی نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، کە بە دەقی ڕوون و ئاشکرا سنووری دەسەڵاتی هەرێم و دەسەڵاتە فیدڕاڵييەکانی دەستنیشانکردووە و بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە، پشتبەست بە دەستوور، یاسای نەوت و گاز تەشریع بکات کە ببێتە یاسایەکی پشتپێبەستوو لەلایەن هەمووانەوە.

لە بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتيیەی هەیە. بڕیاردرا لایەنە پەیوەندارەکان تاوتوێی بابەتەکە بکەن چ بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و چ بە جیا، بەپێی بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێم لەو ڕێکارانە بەردەوام بن کە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا دەبێت.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەڵکشاندایە، پێویستە كار لە‌سە‌ر نە‌ھێشتنی ئە‌و بیرو فیكرە توندڕە‌وە بكرێت و هەڵمەتێک ئەنجامبدرێت لە‌پێناو بنبڕکردنی. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە ئەنجام بدات بەمەبەستی ڕێکخستنی و دە‌ستپێكردنی ئەو هەڵمەتە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا و بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکومی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێم و ڕێکخستنەوەی سەرجەم بانکەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یەک بانکی نیشتیمانیی پێشکەوتوو و هاوچەرخ کە ئاسانکاریی بانکیی پێویست بۆ هاوڵاتییان و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات.

بابەتی پێشتر

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە بڵاودەكرێتەوە

بابەتی دواتر

ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share