عێراق بەردەوامە لە جێبەجێكردنی سزاكانی لەسێدارەدان و مافناسێكی كوردیش هۆشداری دەدات لەو هەنگاوە، “كاریگەری دەكاتە سەر ناو و ناوبانگی هەرێم”.
لە هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و دووەمی ئەمساڵ، عێراق دوو سزای بەكۆمەڵی لەسێدارەدانی بەسەر 42 كەسدا جێبەجێ كرد، ژمارەیەك لە شارەزایانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانیش نیگەرانە لەو هەنگاوەی عێراق.
“عێراق پلانی هەیە سەرجەم ئەو زیندانییانە لەناو ببات كە سزای لەسێدارەدانیان هەیە”
شارەزایانی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایانگەیاندووە، ترسیان هەیە كە عێراق پلانی هەبێت سەرجەم ئەو زیندانییانە لەناوببات كە سزای لەسێدارەدانیان هەیە.
لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا كە دوێنێ 20ی تشرینی دووەم بڵاویانكردووەتەوە، ژمارەیەك شارەزای مافی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشدارییانداوە لەوەی “عێراق بەمدواییانە شەپۆلێك لە سزای لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی دەستپێكردووە، كە وا دەردەكەوێت بەشێك بێت لە پلانێكی گەورە بۆ لەسێدارەدانی سەرجەم ئەو زیندانییانەی ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە”.
ئاشكراشیانكردووە، “نزیكەی 50 زیندانی دیكەی كە لە زیندانییەكانی عێراقدان بە ئەگەرێكی زۆرەوە دووشەممەی داهاتوو لەسێدارە دەدرێن، كە تاوانبارن بە ئەنجامدانی تاوانی تیرۆریستی”.
مافناسێكی كورد: هەر لەكەداركردنێكی عێراق كاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت
دارا ئەحمەد، مافناس لە لێدوانێكی تایبەتیدا ئەمڕۆ 21ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان، ناو و ناوبانگی دەوڵەتێكی وەك عێراق دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی و بەردەم نەشتەری ڕەخنەی كەسانی موهتەم بە بابەتی مافی مرۆڤ، چونكە عێراق بەشدارە لە چەندان ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و بەشدارە لەوەی مافی مرۆڤ بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی بپارێزێت”.
ئەو مافناسەر ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمەی عێراق دەیكات جۆرێكە لە پاكتاوكردن و لەناوبردنی نەیارەكانی دەوڵەت و چ میلیشیا بێت یان كەسایەتییەكی نێو حكومەت یان هەركەسێكی دیكە”.
“عێراق هەموو جوگرافیای عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمیشەوە، هەرچەندە كەسێك تەواو شارەزای ناوچەكە بێت دەزانێت كە هەرێمی كوردستان لەڕووی مافی مرۆڤەوە جیاوازە لە عێراق، بەڵام كە تەماشای دانیشتووانی گۆی زەوی بكەین كە وتت عێراق پارێزگای سلێمانی و دهۆكیش دەگرێتەوە و هەر لەكەداركردنێكی عێراق هەرێمیش دەگرێتەوە”، دارا ئەحمەد وای وت.
وتیشی، “ئەم هەنگاوەی عێراق ڕەنگیشە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی لەناوچەكەی ئێمە لە هەرێم پشتیوانی لە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان دەكەن، بەهەمان پاساوی عێراق ڕۆژێك ئەو سزایە لە هەرێم جێبەجێ بكەن”.
ئەو مافناسە باسی لەوەكرد، “مەترسییەكەی ئەو بڕیارانە لەوەدایە، ڕەنگە ئەو سزایە بۆ پاكتاوكردنی نەیارەكانی دەسەڵات بەكاربهێنرێت و هێزێكی توندڕەوی دیكتاتۆر دەسەڵات بگرێتە دەست و حكومڕانی هاوشێوەی ڕژێمی بەعس، دووبارە ببێتەوە”.
لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا 21 زیندانی لە عێراق لەسێدارە دران، لە مانگی تشرینی دووەمیش بەهەمانشێوە 21 كەسی دیكە هەمان سزایان لەسەر جێبەجێكرا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی خراونەتەڕوو، لە عێراقدا نزیكەی 4 هەزار زیندانی هەن كە زۆربەیان بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی تۆمەتباركراون و چاوەڕوانن لەسێدارە بدرێن.