بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە چەند تەقینەوەیەكی بەهێز كابول، پایتەختی ئەفغانستانیان هەژاند و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ئاشكرایكردووە، ژمارەیەك موشەك ناوچەیەكی قەرەباڵغیان كردووەتە ئامانج و زنجیرەیەك بۆمبی چێندراویش تەقیوونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەبارەی تەقینەوەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی دووەم-ەوە ڕایگەیاندووە، “سێ كەس كوژراون و 11ی دیكەش برینداربوون بەهۆی هێرشی چەند موشەكێك بۆسەر كابول”.
تاریق عەریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “پاش ڕودانی دوو تەقینەوە، كابولی پایتەخت بە 14 موشەك كراوەتە ئامانج”.
لەنێو ئەو كەسانەی بەهۆی ئەو هێرشانەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان هەیە.
تا ئێستا، هیچ گروپ و لایەنێك بەرپرسیاریەتی ئەو هێرش و تەقینەوانەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.