ملیۆنان دۆلاری هەرێمیشی تێدایە
دەیان ملیار دۆلاری عێراق و خانەوادەی سەدام لە لوبنان بلۆككراوە

دەیان ملیۆن دۆلاری دیكەی هەرێم لە دەرەوە دەستیبەسەردا گیراوە

ملیۆنان دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم و زیاتر لە دە ملیار دۆلاری عێراق، كە دەگەڕێتەوە ‏بۆ سەردەمی سەدام حسێن، تا سەردەمی سیاسی و كاربەدەستە باڵاكانی ئێستا، لە بانكەكانی ‏لوبنان دەستیان بەسەرداگیراوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەمدواییەی مایەپووچبوونی بانكی ‏ناوەندیی ئەو وڵاتەش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.‏

دوایین ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت ئاماژەی بە 637 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ‏كرد ‏‏(310 ملیۆن یۆرۆ و 294 ملیۆن دۆلار)، كە بەهۆی كێشەیەكی یاساییەوە لە بانكێكی ‏لوبنان ‏بلۆككراوە.‏

ڕۆژنامەی ئەلیكترۆنیی دەرەج-ی لوبنانی، كە زیاتر گرنگی بە بابەتی شیكاری و ‏بەدواداچوون و بنكۆڵكاری دەدات، لە ڕاپۆرتێكدا و لە زاری شارەزایەكەوە جەختی لەسەر ‏دەستبەسەراگرتنی ئەو پارانەی داهاتی نەوتی هەرێم كردووەتەوە و دەڵێت، پارەكە بە دوو ‏ئەژماری بانكی دانراوە، ئەوەش بەشێكە لە دەیان ئەژمار، بەڵكو سەدان ئەژماری بانكی ‏كە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنكارانی عێراقی و بەرپرسانی سیاسی و داهاتی گشتیی دەوڵەت، كە ‏لە بانكەكانی لوبنان هەڵپەسێردراون.‏

لە زاری سەرچاوەیەكی حكومیشەوە بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەكان بە 17 ملیار دۆلار ‏دەخەمڵێنێت و دەڵێت، لەنێویاندا ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار هەیە، كە دەگەڕێتەوە بۆ ‏حكومەتی عێراق و بەهەمان شێوە لە بانكەكانی لوبنان هەڵپەسێردراوە.‏

ئاماژەدان بەو پارانە لەكاتێكدایە دووشەممەی ڕابردوو سەعادە ئەلشامی جێگری سەرۆکی ‏حکومەتی لوبنان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، “دەوڵەت و بانکی لوبنان مایەپووچ ‏بوون”، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لەو وڵاتەدا هێنایە ئاراوە.‏

دەرەج (ڕۆژنامەیەكی ئەلیكترۆنی سەربەخۆیە، وەك ئەوەی لە پێناسەكەیدا هاتووە لەلایەن ‏ڕۆژنامەنوسانی پیشەگەر دامەزرێندراوە بەمەبەستی خستنەڕووی چیرۆكی ڕۆژنامەوانی) ‏دڵنیایی دەدات لەوەی كۆی پارە هەڵپەسێردراوەكانی عێراق (17 ملیار دۆلارە)، كە ‏دابەشدەبێت بەسەر ئەو پارانەی بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە سڕكراون (پارەی سەدام ‏حسێن و خێزانەكەی)، لەگەڵ پارەی دیكە كە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنكارانی عێراقی كە ‏ویستویانە سوود لە ڕووە نهێنییەكەی بانكە لوبنانییەكان وەربگرن بۆ شاردنەوەی ‏پارەكانیان، زۆرێك لەوانە لە دۆسیەی لێپرسینەوەدایە. لەهەمان كاتدا بەشێك لەو پارە دوور ‏لە گەندەڵییانەش هەیە كە خاوەنەكانیان متمانەیان بە بانكەكانی لوبنان كردووە بۆ پاراستنی.‏

حەسەن عادل بزی-ی پارێزەر بەدواداچوونی بۆ هەندێك لەو پارانە كردووە و دەڵێت، ‏بەپێی هەڵسەنگاندنەكان زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری “پارەی سەدام” لە بانكەكان هەن، ‏بەڵام داتای ورد دەربارەی پارەكە لای دەستەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە بانكی لوبنانە كە ‏لەلایەن ڕیاز سەلامە-ی دادوەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.‏

ئەو دەڵێت، تەنها ڕیاز سەلامە و عەلی ئیبراهیم-ی داواكاری گشتیی دارایی وردەكاریی ‏ئەو پارەیەی سەدام و خێزانەكەی دەزانن.‏

40 ملیۆن دۆلاری ئەمریكیی (بانكی كوردستان) لە بانكێكی لوبنان هەڵپەسێردراوە

ڕۆژنامە ئەلیكترۆنییەكە ڕوونیكردووەتەوە، ئەو پارە دەستبەسەرداگیراوانەی بانكەكان بە ‏بڕیاری دەستەی تایبەتی لێكۆڵینەوە ڕاگیراون و مامەڵەیان پێوەناكرێت، بەمانایەكی دیكە ‏یاسا دادگاكانی ناچاركردووە ئەو پارانە بە “كاشی” لە خەزێنەكانیاندا بهێڵنەوە و ‏وەبەرهێنانی پێوەنەكەن.‏

بەڵام لەمیانەی ئەو لێكۆڵینەوانەی غادە عەون-ی دادوەر لەگەڵ ژمارەیەك لە بانكەكان ‏ئەنجامیداوە، دەركەوتووە دراوی نەختینە بە دراوی بیانی، لەنێویشیاندا پارەكانی عێراق ‏‏”بووەتە هەڵم”، لەگەڵ ئەودوای ئەوانەی پارەكانیان لە بانكەكاندا داناوە و ماوەی زیاتر لە ‏‏25 ساڵە وەبەرهێنانی پێكراوە.‏

پرسی پارە دەستبەسەراگیراوەكانی عێراق لە لوبنان لەمیانەی سەردانی ئەمدواییەی شاندی ‏عێراق بۆ بەیروت هێنرایەوە بەرباس، بەتایبەت دوای قسەكردن لەسەر بەشداریی عێراق ‏لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بەندەری بەیروت، ئەو پرسەی عێراقییەكانی توڕەكرد و ‏پێیانوایە حكومەتەكەیان كەمتەرخەمە لە سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش ‏وێرانیكردون و لەهەمان كاتدا بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی بەندەری بەیروت دەكات. ‏

بەڵام شارەزایانی ئابوری پێیانوایە بەرژەوەندییەكانی عێراق لە مانەوەی پەیوەندییەكی ‏باشدایە لەگەڵ لوبنان، ئەویش لەڕێی ئەو دەستپێشخەرییەوە، بۆ ئەوەی پارە ‏دەستبەسەراگیراوەكانی عێراق لەبەرچاوبگیرێت.‏

ڕۆژنامەكە لە زاری هومام شەماع شارەزای ئابوریی عێراقییەوە دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ ‏ڕەسیدێكی پەیوەندیدار بە “بانكی كوردستان”ــەوە كردووە كە لە سێ بانكی لوبنانی بە ‏هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و بڕەكەی دەگاتە 40 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی. ‏

سەبارەت بە 17 ملیارەكەی عێراقیش لە زاری ڕۆژنامەنووسانی عێراقییەوە كە ‏چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەشێك لەو پارانە پەیوەنیدارە بە ‏نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر. لەكاتێكدا یەكێك لە ڕۆژنامەنووسەكان وتویەتی ‏زانیاری لەبەردەستە دەربارەی ناردنی پارە لەلایەن شوێنكەوتووانی مالكییەوە بۆ لوبنان لە ‏ساڵی 2015وە تا هەرەسهێنانی ئابوریی ئەو وڵاتە لە 2019، ئەوەیش بەمەبەستی كڕینی ‏ڤێلا، زەوی، خانو، باڵەخانە و هۆتێل لە لوبنان، وەك هەوڵێك بۆ بردنەدەرەوەی پارەكە و ‏سپیكردنەوەی لە ترسی سزاكانی ئەمریكا.‏

دەرەج ئاشكراشیكردووە، ڕەغد سەدام حسێن-یش پێشتر یەكێك لە پارێزەرانی لە بەیروت ‏ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون بۆ ملیارەها دۆلار كە بەناوی حسێن كامل-ی هاوسەرە ‏كوژراوەكەی لە بانكی (لوبنان و مەهجەر) دانراون، بەڵام بانكەكە وەك ئەوەی ‏پارێزەرەكە وتویەتی، بوونی ئەو پارەیەی ڕەتكردووەتەوە. خێزانی حسێن كامل-یش هیچ ‏بەڵگەیەكیان نییە كە بوونی ئەو پارانە بسەلمێنێت، بەتایبەت دوای هەڵاتنی لە عێراق لە ‏ساڵی 2003دا.‏

بابەتی پێشتر

كەشناسیی هەرێم: ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارین بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

گۆڕاوێكی نوێی كۆرۆنا سەریهەڵدا و زانایانی بەریتانیا نیشانەكانی ئاشكرادەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share