ڕووداوەكانی پەیوەست بە دواكەوتنی مووچە لەنێو خانەنشیناندا درێژەی هەیە، پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە سەرەی مووچەدا خانەنشینێك گیانیلەدەستدا، خانەنشینێكی دیكە ئاگری لە جلەكانی بەردا و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگەنەدرا ڕووداوەكە زیاتر پەرەبستێنێت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتییەكی خانەنشینكراو دژی دواكەوتنی مووچەكەی لە بەردەم بانكی شێروانە لە كەلار ئاگری لە جلەكانی بەردا.
پەیامنێرمان لە گەرمیان پێیڕاگەیاندین، دوای ڕووداوەكە هەرزوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
ئەوەشی وت، “خانەنشینەكە خاوەن پێداویستی تایبەتە و بەهۆی زوو بەدەمەوەچوونی ڕێگەنەدرا ڕووداوەكە زیاتر پەرەبستێنێت، بەخۆیەوە زیان بە جەستەی نەگەیشتووە و سەلامەتە”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش خانەنشینێک لەسەرەی وەرگرتنی مووچە گیانیلەدەستدا و ئەمەش دەبێتە چوارەم خانەنشین لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی شوباتدا گیانلەدەستبدەن.
سامان نادر وتەبێژی بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی خێرا لە تەندروستیی سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، لەکاتژمێر 5:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەنشینێک لەکاتی وەستانی لەسەرەی وەرگرتنی مووچەدا لە بانکی تانجەرۆ گیانیلەدەستداوە.
لە 20ی ئازاریش دوو خانەنشینی دیكە لە بەردەم هەمان بانك و خانەنشینێكیش لە قەزای سۆران لەكاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی مووچە گیانیان لەدەستدا.