بڕیارە بەشێك لەو هێز و لایەنانەی بڕیاری بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیان داوە كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن و تیایدا “سێیەكی زامن” ڕابگەیەنن.
میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانیی عەزم و ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجامدەدەن.
بەپێی سەرچاوەكە “ڕاستەوخۆ دوابەدوای كۆبوونەوەكە ژمارەی پەرلەمانتارانی سێیەكی زامن ڕادەگەیەندرێت”.
دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 220 پەرلەمانتارە، ئەو لایەنانەی بڕیاری بایكۆتكردنی دانیشتنەكەیان داوە چەندین جار دووپاتیانكردووەتەوە كە خاوەن ژمارەی پێویستی پەرلەمانتارانن “زیاتر لە سێیەك” بۆ پەكخستنی دانیشتنەكە و ئەوەشیان ناوناوە “سێیەكی زامن”.
لە هەنگاوی دووەمیدا بۆ هەڵبژاردن و یەكلاكردنەوەی سەرۆك كۆماری نوێ، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێك ئەنجامبدات، بەڵام كۆنەبوونەوەی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكەیە.
دوای ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمیدا لە سەرەتای شوباتی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق یەكلابكاتەوە، دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە ئەمڕۆی بۆ ئەو پرسە دیاریكردووە، دوای ئەوەی ڕێوشوێنەكانی خۆكاندیدكردن و پێداچوونەوە بە ناوەكانیاندا كۆتایی هات.
بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە 40 كاندید كێبڕكێ دەكەن، بەڵام دیارترینیان بەرهەم ساڵح و ڕێبەر ئەحمەد-ن كە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كاندیدكراون.
ناكۆكی لایەنە سەرەكییەكانی كورد، شیعە و سوننە لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕێگرە لە هەنگاوەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكان و پێكهێنانی كابینەی نوێ.