بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریكی یەكتر تۆمەتباركردن لەنێو ئاژانسی هەواڵگری و بەرگریی ڕوسیادا هاتووەتە ئاراوە، دوای ئەوەی ئەو شەڕەی مۆسكۆ پێشبینی دەكرد تیایدا بەزوویی پایتەختی ئۆكرانیا بگرێت، بووەتە ئەستەم و مایەی شەرمەزاری.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، ڕاكێشانی پەنجەی تۆمەت، كە دەستگیركردنی لانیكەمی گەورە بەرپرسێكی هەواڵگریی ڕوسی لێكەوتووەتەوە، پێناچێت مایەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بێت بۆسەر چنگی پۆڵاینی ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی ڕوسیا بەسەر دەسەڵاتەوە.
بەرپرسێكی ئەمریكی باس لە ڕاپۆرتێكی “متمانەپێكراو”ی كردووە دەربارەی دانانی فەرماندەی یەكەی هەواڵگریی سەر بە دەزگای ئاسایشی فیدراڵی، بەرپرس لە ئۆكرانیا، لەژێر باری نیشتەجێی ناچارانە.
ڕۆژنامەكە لە زاری ئەو بەرپرسەوە وتوشیەتی، مشتومڕ لەنێوان ئاسایشی فیدراڵی و وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا دەربارەی ئامادەكاری بۆ شەڕەكەی 24ی شوبات ڕوویداوە.
لەكاتێكی پێشتری ئەم مانگەدا ولیام بیرنز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی) بە كۆنگرێسی ڕاگەیاند، پوتین پلانیداوە بۆ دەستگرتن بەسەر كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكرانیا لەماوەی تەنها دوو ڕۆژدا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەرۆكی ڕوسیا پێشبینی بەرگرییەكی لاوازی كردووە.
لە جیاتی ئەوە، هێزەكانی ڕوسیا ڕووبەڕووی هێرشی توندی ئۆكرانیا بوونەتەوە، بەهۆیەوە پێشڕەویكردنی وشكانی لەم هەفتەیەدا وەستاوە، لە سایەی زیادبوونی ژمارەی كوژراوان. لەم نێوەندەدا حكومەتی ئۆكرانیا كوژرانی چوار جەنەڕاڵی ڕوسی ڕاگەیاندووە.
بەپێی هەندێك هەڵسەنگاندنی ئیدارەی ئەمریكاش نزیكەی حەوت هەزار سەربازی ڕوسی لە شەڕەكەدا كوژراون، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسان دەڵێن ئەو هەڵسەنگاندنە پێدەچێت دڵنیایی تەواو لەبارەیەوە نەبێت.
بەپێی ڕۆژنامەكە، ئەفسەری ئاسایشی فیدراڵی كە دەوترێت لەژێر لێكۆڵینەوە و نیشتەجێی ناچارانەدایە جەنەڕاڵ سێرگی بیسیدا-یە، سەرۆكی خزمەتگوزاریی پێنجەم لە دەزگای ئاسایشی فیدراڵی.
ئەندریە سۆلداتۆڤ، ڕۆژنامەنوسی بنكۆڵكاریی ڕوسی دەڵێت، پوتین ڕەنگە لۆمەی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی بكات بەهۆی شكستهێنانی لە هەرەسهێنانی خێرای حكومەتی ئۆكرانیا كە پێشبینی دەكرد، ئاماژەی بەوەشكرد “خودی پوتین تەواو دڵنیابوو كە زۆرباش لە ئۆكرانیا تێدەگات”.
ئەوەشی دەخاتەڕوو، “پێشبینی دەكرد ئاژانسەكانی، بەر لە هەموویان دەزگای ئاسایشی فیدراڵی، هەندێك كاری بنەڕەتی بۆبكات وەك پاڵپشتیی كۆمەڵە سیاسییەكان كە دەشێت پشتیوانی پێشكەشبكەن بۆ داگیركارییەكەی ڕوسیا. ئێستا ڕوونبووەتەوە كە ئەوە ڕوونادات”.