ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی چوار پرسەوە دەكات، بەڵام مووچەی تێدا نییە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەكات، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئامادەدەبن و چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن، كە ئەمانەن:
– خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 28ی شوباتی 2022 سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان.
– خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری ژمارە 5 لە ڕۆژی 5ی ئاداری 2022 تایبەت بە پەسەندکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی پێداچوونەوەی ڕسوومات.
– خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم.
– بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە بێت، كە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیران پرسی مووچە تاوتوێناكات، لەكاتێكدا تا ئێستا دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو دەستیپێنەكردووە و پشووەكانی بەهارەش نزیكبوونەتەوە.