چاودێرێکی سیاسی: سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بەدەر لە یاساکان چوار ڕاوێژکار دادەمەزرێنێت

چاودێرێکی سیاسی ئاشکرایکرد، لە كاتێكدا کە دەیان هەزار كوڕ و كچی گەنجی دەرچووی زانكۆكان، سەدان یەكەمی زانكۆكان لەم وڵاتە، بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، هەر كە داوای دامەزراندنیش دەكەن، یەكسەر حكومەت دەڵێت دەسەڵاتمان نییە و بەغداد دامەزراندنی ڕاگرتووە و دنیایەك قسەی سەمەرەی وەك سیستمی پەیڕۆڵ و یاسای بودجە دەكەن بە پاساو، بەڵام ژێر بە ژێر، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان، بەدەر لە ڕێنمایی و یاسا كارپێكراوەكان، چوار ڕاوێژكار بە پلەی تایبەت لە وەزارەتی داد و بە دیاریكراویش لەناو ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، دامەزراندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشێلكارییەی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان كە وەک لە نووسراوەكاندا دەیبینن و لەسەر شاشە نیشان دەدرێت، لە كاتێكدایە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە 269 لە 5ی شوباتی 2026، لە بڕگەی دووەمدا، بە ڕەهایی ئاماژە بەوە كراوە دامەزراندن بە هەموو شێوەكانی، تەنانەت لە جێدانان و گرێبەستیش ڕاگیراوە، نەک هەر ئەوە، بەڵكو بە خۆبەخشیش كەس وەرناگیرێت بەپێی ئەو بڕیارەی حكومەت.

ئەوەشی خستەڕوو، نایاسایی بوونی دامەزراندنی ئەو چوار ڕاوێژكارە كە مەسرور بارزانی دایمەزراندوون و ناوەكانیان پارێزراوە، تەنیا ئەوە نییە، با ڕوونتری بكەینەوە:

بەپێی ماددەی 23 ی یاسای ژمارە 14 ی ساڵی‌ 2008 ی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، هەركەسێک دەبێت بە ڕاوێژكار پێویستە چەند مەرجێكی تێدابێت لەوانە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت، 20 ساڵیش خزمەتی هەبێت وەک دادوەر، كەچی دووان لەم دادوەرانەی ئەحبابی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرهەرچەندە ئەم مەرجەیان تێدا نییە بەڵام دامەزرێندراون. خاڵێكی دیکە بڕیارە سەیر و سەمەرەكەی مەسرور بارزانی ئەوەیە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق، حكومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا كاربەڕێكەرە و بۆی نییە و ناتوانێت هیچ پلە تایبەتێک دابمەزرێنێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم بڕیارە سەیر و سەمەرەیە هێشتا ماویەتی، ساڵی 2022 وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان بە ڕەسمی ڕایگەیاند كە سێ راوێژكار دادەمەزرێنن و مەرجەكانی بڵاوكردەوە كە هەر كەسێک دەیەوێت پلەی راوێژكاری پێبدرێت سی ڤی خۆی پێشكەش بكات، دوای لیژنە دروستكردن و ئەو خەڵكانە هەڵبژێردران كە شیاو بوون، كەچی تا ئێستا هیچ كەسێک لەوانەی ساڵی 2022 نەكران بە راوێژكار، كەچی ئەم چوار كەسە بە بڕیاری حزبی، سیاسی و كەسیی بەفەرمانێكی مووشەک ئاسا و بە یەك چەقەنە كران بە ڕاوێژكار.

لە کۆتایشیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەوەی پێویستە بیزانن ئەمەیە، هەر پلە تایبەتێک كە دادەمەزرێت لە هەرێمی كوردستان پێویستە فەرمانی دارایی لە وەزارەتی دارایی بۆ دەربچێت، دواتر ئەو كەسە كە پلەی كەی پێدراوە دەست بەكاردەبێت، بەڵام ئەو چوار ئەحبابەی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر كردوونی بە راوێژكار، بەبێ بڕیاری دارایی، لە ماوەی دوو رۆژدا بە قودرەتی قادر یەكسەر مامەڵەكانیان بۆ ڕایی كرا و لە ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان دەستبەكاربوون، جگە لەوەش ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان فەرمانی كردووە مووچەكانیان لە ڕۆژی دەست بەكاربونیانەوە بۆ خەرج بكرێت، كە وەک لە نووسراوەكەدا بەڕوونی دیارە كە رۆژی یەکی مارسی 2026 دەستبەكاربوون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share