پاش فشاری خوێندكاران لە هەولێر دەست بە دابەشكردنی دەرماڵە دەكرێت

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەولێر خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و داوای دابەشكردنی دەرماڵەیان كرد، بڕیارە لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

نزیکەی دوو مانگە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆکان دەرچووە، بەڵام تائێستا زانکۆکانی هەولێر هیچ بڕە پارەیەکیان دابەشنەکردووە بەسەر خوێندکاراندا.

بەهۆیەوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر لە بەردەم دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای دابەشکردنی دەرماڵەکانیان کرد، لەکاتێکدا لە زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە دەرماڵەی تەواو دراوە بە خوێندکاران.

دوابەدوای خۆپیشاندانەكە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆلێجی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین ئاگادارییەكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە و دەڵێت، سبەی دەرماڵەی خوێندكاران خەرجدەكرێت.

ئەو دەرماڵەیەی دابەشدەکرێت، بڕەکەی بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان 40 هەزار دینارە و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینارە.

پێشتر دەرماڵەكە بۆ خوێندكارانی زانكۆكانی سنووری سلێمانی و دەوروبەری خەرجكرا و پارەكەی بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی دابینكرا.

بابەتی پێشتر

یەكێك لە تۆمەتباران بە كوشتنی ماریا لە هەولێر دەستگیركرا

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەولێر: کوژرانی گەنجەکەی دوو ڕۆژ پێشتر بەهۆی دەستدرێژیی بووە بۆسەر کچێک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share