كۆمپانیایەك ئامادەیە بەنزین بە هەرزانتر بۆ سلێمانی هاوردەبكات

كۆمپانیایەك ئامادەیە بەنزین بە هەرزانتر بۆ سلێمانی دابینبكات، نووسراوەكەی دەدرێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی و هۆبەی سووتەمەنی كۆبووینەتەوە، چەند پێشنیازێك گەڵاڵەكران و بەرپرسانی بەرهەمە نەوتییەكان ڕایانگەیاندووە، ناتوانن لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ هاوردەكردنی سووتەمەنی دەربچن، چونكە ڕێگاپێدانی هاوردەكردنی سووتەمەنی و بەنزین پێشتر لە دەسەڵاتی پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بووە، ئێستا دەسەڵاتەكە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە”.

بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، “بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگا بە هەناردەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان نادات، ئەوەش وایكردووە نرخەكەی گرانترببێت”.

ئازاد محەمەد ئەمین ئاشكراشیكرد، كۆمپانیاییەك ئامادەیی نیشانداوە بەنزین بە نرخی كەمتر هاوردەبكات لەوەی ئێستا، بڕیاردرا سبەینێ بە نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا پێشنیازەكە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەكان بەرزبكرێـتەوە، تاوەكو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگاداربكەنەوە لەو پێشنیازە، بەو مەرجەی كوالێتی ئەو سووتەمەنییەی هاوردە دەكرێت، باشبێت و بەگوێرەی ڕێنماییەكان سووتەمەنی هاوردەبكات.

ماوەیەكە بەردەوام نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان و سلێمانی بەرزدەبێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی هاوڵاتییان و شۆفێرانی لێكەوتووەتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ سوارێز: یانەیەک بۆخۆت بدۆزەرەوە

بابەتی دواتر

پێکدادانی هاندەران 22 برینداری لێکەوتەوە !

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share