کوالێتیی کۆنترۆڵ: پشکنینی بەرهەمی ناوخۆ توندە و ئاسانکاری بۆ بەرهەمی دەرەوە دەکرێت

بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی پیشەسازی ڕایگەیاندووە، بەڕێنماییەکانی عێراق پشکنین بۆ بەرهەمەکانی ناوخۆ دەکرێت و هەنگاوەکانی زۆر توندن، بەڵام پشکنین بۆ بەرهەمی دەرەکی ئاسانکاریی بۆ دەکرێت.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە زاری پێشەوا مەحمود بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی پیشەسازییەوە بڵاویکردووەتەوە، پشکنینەکانەی کوالێتیی کۆنترۆڵ بەپێی جۆری بەرهەمەکان دەگۆڕێت، بۆ نمونە، بەرهەمی خۆراک پشکنینی فیزیایی، کیمیایی و مایکرۆبایۆلۆجیی بۆ دەکرێت، بەڵام ماددە پلاستیکییەکان پشکنینی فیزیایی و کیمیاییان بۆ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەکردووە، کە هەرێمی کوردستان بەپێی دوو ڕێنمایی پشکنین بۆ بەرهەم دەکات، یەکێکیان ڕێنماییەکانی عێراقە و ئەوی تریان ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکانە، ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکان کاتێک کاری پێدەکرێت کە ئەو بەرهەمە لە ڕێنماییەکانی عێراقدا باس نەکرابێت.

باس لە ڕێنماییەکانی عێراق دەکات و دەڵێت ڕێنماییەکانی عێراق بۆ پشکنین زۆر توند و تۆکمەن، بەو ڕێنماییانە پشکنین بۆ بەرهەمەکانی ناوخۆ دەکرێت، بەڵام بەرهەمی دەرەکی بەو ڕێنماییانە پشکنینیان بۆ ناکرێت چونکە ئەگەر بەوانە بکرێت هیچ بەرهەمێکیان لە پشکنین دەرناچن و نابێت هیچ کاڵایەک هاوردە بکرێت.

باسی لەوەکردووە، کە بەرهەمە دەرەکییەکان بەپێی تایبەتمەندیی کارگەی بەرهەمهێنەر پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر کارگەکانی ناوخۆش ڕێنمایی و تایبەتمەندیی خۆیان هەبێت بە هەمان شێوە بەو ڕێنماییانەی خۆیان پشکنینیان بۆ دەکرێت نەک بە ڕێنماییەکانی عێراق کە زۆر توندن، بەڵام کارگەکانی ناوخۆ بەزۆری ڕێنمایی تایبەت بە خۆیان نییە.

ئەو بەرپرسەی کوالێتی کۆنترۆڵ دەڵێت، توانای کارگەکانی ناوخۆ کەمە ئەگەر بتوانن لەڕێگەی کەسانی شارەزاوە ڕێنمایی تایبەت بە خۆیان دابنێن ئەوکاتە بەو ڕێنماییانە پشکنینیان بۆ دەکرێت و بەرهەمەکانیشیان هەرزانتر لە بەرەهەمی دەرەکی دەکەوێت.

دڵناییشی دایە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە کوالێتیی بەرهەمە ناوخۆییەکان 95%یان پاک و بێ کێشەن، تەنانەت بۆ کەرەستەی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بە کوالێتییەکی بەرزتر لە ئێرانی و تورکی دروست دەکرێن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی: دەبێت تاكڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوكمداریی نەمێنێت

بابەتی دواتر

سەرۆكی چین داوا لە سوپا دەكات "ئامادەبن بۆ جەنگ"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share