ئیداره‌ی کاتیی یانه‌ی به‌رشلۆنه هه‌وڵی نوێکردنه‌وه‌ی بۆندی عوسمان دیمبیلی یاریزانی فه‌ره‌نسی ده‌دات، تاوه‌کو یانه گه‌وره‌کانی دیکه له گواستنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوونه‌بن.
ڕۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی که‌ته‌لۆنی له سه‌رچاوه ناوخۆییه‌کانی به‌رشلۆنه‌وه بڵاویکردووه‌ته‌وه، له ئێستادا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی کاتیی یانه هه‌وڵه‌کانیان بۆ نوێکردنه‌وه‌ی بۆندی عوسمان دیمبیلی فه‌ره‌نسی ده‌ستپێکردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆندی نێوان دوو جه‌مسه‌ره‌که له هاوینی 2022 کۆتاییدێت، به‌ڵام کارلیس توسکێتس و هاوکارانی له ترسی یانه زه‌به‌لاحه‌کانی دیکه ده‌یانه‌وێت بۆندی ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره فه‌ره‌نسییه‌که نوێبکه‌نه‌وه.
یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی خواستی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی باڵه فڕیوه‌که‌ی فه‌ره‌نسا نیشانداوه، به‌ڵام به‌هۆی پێکانی ئانسو فاتییه‌وه ته‌واوی دانوستاندنه‌کان ڕاگیراون و به‌ڕێوبه‌رانی بارسا ده‌یانه‌وێت به‌لایه‌نی که‌مه‌وه یاریزانه ڕهرش ئه‌سمه‌ره‌که تاوه‌کو هاوینی 2021 و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێرشبه‌ره ئیسپانییه‌که به‌رده‌وامبێت.
دیمبیلی له ڕێگه‌ی لێپرسراوی کاره‌کانیه‌وه خۆشحاڵی به‌م هه‌وڵه‌ی یانه که‌ته‌لۆنیه‌که‌ی ده‌ربڕیوه و له‌هه‌مان کاتدا داوایکردووه ده‌رفه‌تی پێبده‌ن بیر له ئۆفه‌ره نوێیه‌که بکاته‌وه.
له ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی نێوان ستافی کارگێڕی کاتیی یانه‌ی به‌رشلۆنه و دیمبیلی، نوێکردنه‌وه‌ی بۆنده‌که تاوه‌کو کانونی یه‌که‌می 2020 یاخود سه‌ره‌تاکانی کانونی دووه‌م دواده‌خرێت، له‌نێوان ئه‌و دوو مانگه‌دا سه‌رۆک و ستافێکی نوێ له یانه که‌ته‌لۆنییه‌که ده‌ستبه‌کارده‌بێت، سه‌رۆکی نوێ مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت به یاسایی بۆنده‌که واژووبکات.