بۆچی ڕیاڵی بەجێهێشت؟ زێدان کۆتا پەیامی ئاڕاستەی مەدریدێستا کرد

زینەدین زێدانی فەرەنسی ڕاهێنەری پێشووی ڕیاڵ مەدرید، کۆتا پەیامی لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانی ئیسپانیاوە ئاڕاستەی هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید کرد.

“زیزۆ” لە ڕۆژنامەی “as”ی ئیسپانییەوە پەیامی ماڵئاوایی ئاڕاستەی هاندەرانی یانەی شاهانە کرد و هۆکارەکانی وازهێنانی لە پۆستەکەشی، بەبێ بەکارهێنانی دیپلۆماسیەت خستەڕوو.

ئەمەش کورتەیەکە لە وەڵامەکانی ئەو ڕاهێنەرە، لەو پەیامەی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە.

 

لە کەشتییەکە بازینەداوە

“ڕیاڵ مەدریدم بەجێهیشت، بەڵام لە کەشتییەکە بازم نەداوەتەوە دەرەوە و لە کاری ڕاهێنان ماندوو نەبووم، لە ئایاری 2018 ماڵئاواییمکرد، چونکە دوای دوو ساڵ و نیو لە سەرکەوتنەکان و چەندین ناسناو، هەستمکرد یانەکە پێویستی بە گوتاری نوێیە بۆ ئەوەی لە لوتکەدا بەردەوامبێت، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە، ڕۆیشتنم لەبەرئەوەیە، کە یانەکەم متمانەبەخش نەبوو”.

 

پاڵپشتی نەکراوە

“یانەکەم پاڵپشتی داراییان نەکردم بۆ بونیادنانی پڕۆژەیەکی مامناوەند، یاخود درێژخایەن، لە تۆپی پێ دەزانم و لەوەش تێدەگەم یانەیەکی وەک ڕیاڵ مەدرید پێویستی بە چییە، دەشزانم کاتێک براوە نابیت، پێویستە بڕۆیت، بەڵام لێرە شتێکی زۆر گرنگ لەبیرکراوە، هەموو ئەوەی بەدەستمهێناوە لەبیرکرا، پەیوەندییەکانم لەسەر بنەمای کاری ڕۆژانەم لەگەڵ یاریزانان و 150 کارمەندی یانە پێکهێنا و لەو کارەشدا سەرکەوتوبووم”.

 

بۆ بردنەوە لەدایکبووە

“من کەسێکم بۆ بردنەوە لەدایکبووم و لێرەبووم بۆ ئەوەی ناسناوەکان بەدەستبهێنم، بەڵام ئێمە مرۆڤین و هەست و ژیانی تایبەتیمان هەیە و هەستمکرد گرنگی بەم بابەتە نادرێت، تەنانەت بە شێوازێکی دیکە سەرزەنشت دەکرام، تەنها ویستم ڕێزی ئەوە بگرم، کە بەیەکەوە بەدەستمانهێناوە، دەمویست لە کۆتا مانگەکانم وەک ڕاهێنەری یانە پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆکی یانە جیاوازبێت، من داوای دەستکەوت ناکەم، بێگومان نەخێر، تەنها داوای بیرگەیەکی ڕاستەقینە دەکەم بۆ بیرکردنەوە لەو دەستکەوتانەی بۆ یانەکە بەدەستمهێناوە”.

 

پێویستی بە پەیوەندیی مرۆیی بووە

“گەشتی هەر ڕاهێنەرێک لە جیهانی ئێستای تۆپی پێدا لەگەڵ هەر یانەیەک دوو وەرزە، بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێت پێویستە پەیوەنديی مرۆیی توندوتۆڵبکرێتەوە، ئەوە لە پارە و ناوبانگ و هەموو شتێک گرنگترە، پێویستە گرنگی بە پەیوەندییە مرۆییەکان بدەیت، لەبەرئەوەیە زۆرم ئازار چەشت دوای هەر دۆڕاندنێک, لە ڕۆژنامەکان دەمخوێندەوە گوایە لە لێواری دوورخستنەوەدام”.

 

پەیامێک بە ئەنقەست

“ئەو هەواڵانەی لەبارەی دوورخستنەوەی منەوە بڵاودەکرانەوە، سوکایەتی بوو بۆ خۆم و پێکهاتەکەم، لەبەرئەوەی ئەو پەیامانە بە ئەنقەست دزەی پێدەکرا بۆ ناو میدیاکان، کەشێکی نەرێنیی لە ژووری جلگۆڕینەکان و لەنێو کارمەندانی یانە دروستکردبوو، گومان و لێکتێنەگیشتنی خولقاندبوو”.

 

یاریزانە ناوازەکانم

“ئەوەی باشبوو، ئەوە بوو كە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی ناوازەبووم، تاوەکو مردن پاڵپشتم بوون، کاتێک بارودۆخەکە بەرەو خراپی دەڕۆیشت، بە بردنەوە مەزنەکانیان ڕزگاریانکردم، باوەڕیان بە من هەبوو و دەشیانزانی کە من باوەڕم بەتواناکانیانە، بێگومان من باشترین ڕاهێنەری جیهان نیم، بەڵام لە توانامدایە هێز و متمانەی پێویست بە هەر کەسێک ببەخشم، ڕەخنە لە ڕەخنەکان ناگرم، بەڵام باشتربوو وردتر و دروستتر مامەڵە بکەین”.

 

لە سەدا سەدی تواناکانمان بەکارخست

“باش دەزانم یانەیەک پێویستی بە چییە، بە درێژایی 20 ساڵ لە مەدرید کارمکردووە و تێدەگەم هاندەران بردنەوەیان دەوێت، بێگومان ئێمەش ئەوەمان دەویست، بەڵام پێش هەر شتێک پێویستبوو ئەوپەڕی وزەی خۆمان بەگەڕبخەین، دڵنیاتان دەکەمەوە لە سەدا سەدی وزەی خۆمان بەگەڕخست”.

 

پەیامێک بۆ ڕۆژنامەنووسان

“دەمەوێت پەیامێک بۆ ڕۆژنامەنووسان بنێرم، سەدان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان ئەنجامدا و زۆر بە کەمی باسی تۆپی پێمان کرد، دەزانم تۆپی پێتان خۆشدەوێت و ئەم وەرزشە هەموومانی یەکخستووە، بەڵام نەمدەویست هەموو پرسیارەکانتان مشتومڕ دروستبکات”.

 

پەیامێک بۆ مەدریدێستا

“خۆشەویستانم مەدریدێستا (هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید)، لەو ڕۆژەوە پێمخستووەتە مەدریدەوە هەستم بەخۆشەویستیی ئێوە کردووە، شەرەفێکی گەورەبوو وەک یاریزان و ڕاهێنەر لە مەزنترین یانەی جیهان کارمکرد، بەڵام بەر لەهەر شتێک، منیش مەدریدێستایەکم وەک ئێوەی مەدریدێستا”.

 

سوپاسی پێرێز دەکات

“20 ساڵە لێرەم، ڕیاڵ مەدرید جوانترین یادگارییە لە ژیانمدا ڕوویداوە و بۆ ئەم مەبەستەش سوپاسی فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە دەکەم، کە لە ساڵی 2001 گرەوی لەسەرکردم و جەنگا لەپێناو گواستنەوەمدا، لە دڵەوە دەڵێم، بۆ هەتا هەتایە سوپاسگوزارت دەبم”.

بابەتی پێشتر

توشبوون و چاكبوونەوە بە كۆرۆنا لە هەرێم هاوتان

بابەتی دواتر

ڕۆژی جیهانیی (نا بۆ توتن)<br> توتن هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی، مردن و هەژاری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share