گروپێكی چەكدار كە میدیای جیهان بە “كرێگرتە و بكوژی بەكرێگیراو” ئەندامەكانی ناوزەد دەكات، هەزاران چەكداری خۆی ناردووە بۆ ئۆكرانیا و 400یان گەیشتوون بە پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەركەكەشیان “كوشتنی سەرۆكی ئۆكرانیایە”.
ڤاگنەرەكان فەرمانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیایان پێیە بۆ كوشتنی ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا، ئەمە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی “تایمز”ی بەریتانییە و دەڵێت، 400 ئەندامی هێزی ڤاگنەر گەیشتوون بە كێیڤی پایتەختی ئۆكرانیا، ئامانجیان كوشتنی سەرۆكی وڵاتەكەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەو چەكدارانە فەرمانیان لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا وەرگرتووە بۆ كوشتنی ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا و 23 كەسایەتیی حكومیی دیكە، تا لەو ڕێگەیەوە زەمینەسازی بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیاوە.
زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە دەڵێن، مۆسكۆ بەڵێنی بە چەكدارانی ڤاگنەر داوە لەپای كارەكانی كوشتندا پاداشتی زۆریان پێبدات و ڕێڕەوی سەلامەتیان بۆ بڕەخسێنێت بۆ دەربازبوون لە ئۆكرانیا.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو زانیارییەكان لەبارەی پلانەكەی ڕوسیاوە دزەیانكردووە بۆ حكومەتی ئۆكرانیا و ئاشكرابوون، بۆیە وەك تایمز دەڵێت، “كیێڤ بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆكردنی دا بۆ ماوەی 36 كاتژمێر و هەڵمەتی گەڕان بەدوای ڤاگنەرەكانی دەستپێكرد، داواشی لە هاوڵاتییانی خۆی كرد لەپێناو پارێزگاریكردن لە ژیانیان نەچنە دەرەوەی ماڵەكانیان، چونكە هەر كەسێك سەرپێچی بكات و لە دەرەوە ببینرێت، وەك كرێگرتەی ڕوسیا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
بەپێی ڕۆژنامەكە، لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردوودا لەنێوان 2000 بۆ 4000 چەكداری ڤاگنەر گەیشتوون بە ئۆكرانیا و لە هەردوو ناوچەی دۆنیتسك و لۆهانسك بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بەمدواییانە 400ی تریان لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە ڕاستەوخۆ خۆیان گەیاندووە بە كیێڤ.
“ئەو چەكدارانەی ڕوسیا ئەزموونی شەڕكردنیان هەیە لە سوریا و لیبیا و بە جلی مەدەنییەوە خۆیان گەیاندووە بۆ ئۆكرانیا”، دوو كاربەدەستی ئەمنیی ئەوروپا وایان بە تایمز وتووە.
ڤاگنەر گروپێكی چەكدارە و میدیای خۆرئاوا دەڵێت، بە پارە كار بۆ حكومەتی ڕوسیا و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە دەكەن، پەیوەندییان لەگەڵ دەزگاكانی هەواڵگری و ئاسایشی ڕوسیادا هەیە، لە چەندین شەڕی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدارییانكردووە و ئەزموونی سەربازییان پەیداكردووە، لە چەند وڵاتێكیش وەك ڕاوێژكار كاریان بۆ حكومەتەكان كردووە، لەوانە كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و سودان و مالی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاندبوو، ڕوسیا دەیەوێت بە پلەی یەكەم ئەو بكوژێت و بە پلەی دووەمیش خێزانەكەی و كەسانی دەوروبەری، تا لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی ئۆكرانیادا بسەپێنێت و حكومەتێك بە سەركردایەتیی جوداخوازەكانی ئۆكرانیا كە پیاوی مۆسكۆن پێكبهێنێت.
هاوكاتی ئەو قسەیەی زیلینسكی، فەرەنسا نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە سەلامەتیی ژیانی ناوبراو و جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتی، “فەرەنسا نیگەرانی سەلامەتیی زیلینسكی-یە و ئەگەر پێویستبێت ئێمە ئامادەین یارمەتی بدەین”.