پیاوێك هەوڵی بەكارهێنان و فریودانی خانەوادەكەی ڕەیان مەغریبی دەدات و پۆلیس دەستگیریكردووە.
دوای دوو هەفتە لە ڕووداوەكەی مەغریب كە منداڵێك بەناوی ڕەیان دوای كەوتنەناو بیر و مانەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك گیانیلەدەستدا، چیرۆكەكە دەبێتەوە بە بابەتی میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی.
گەشتیارێكی پیاو لە مەغریب كە خۆی بە خەڵكی “جوزر ئەلقەمەر” ناساندووە، سەردانی خانەوادەكەی ڕەیان-ی كردووە و بانگەشەی ئەوەی كردووە كە دەیەوێت هاوكاریی داراییان بكات.
پۆلیسی مەغریب دەڵێت، ئەو كەسە چەند وێنەیەكی لەگەڵ دایك و باوكی ڕەیان-دا چركاندووە و پێیوتوون، “دەیاننێرم بۆ ڕێكخراو و كۆمەڵە خێرخوازییەكانی ئەوروپا بەمەبەستی كۆكردنەوەی بەخشش و پارە”.
باوكی ڕەیان گومانی لە ڕەفتاری گەشتیارەكە كردووە، پۆلیسی ئاگاداركردووەتەوە و ئەوانیش دەستگیریانكردووە، وەك میدیای مەغریب لە زاری پۆلیسی وڵاتەكەوە ئاشكرایكردووە.
هاوكاتی ئەم ڕووداوە، پۆلیسی مەغریب هۆشداریداوە بە خەڵك بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەی ڕەیان-دا بكەن و فریونەدرێن، “چونكە پێدەچێت كەسانێك هەوڵی قۆستنەوەی چیرۆكەكە بدەن و لەڕێگەی فێڵەوە پارە بۆ خۆیان كۆبكەنەوە”.
ڕۆژی 1ی ئەم مانگە، ڕەیانی تەمەن پێنج ساڵ كەوتە ناو بیرێكی وشك بە قووڵایی 32 مەتر لە گوندێكی هەرێمی شیفشاون لە باكووری مەغریب.
بە درێژایی پێنج ڕۆژ هەوڵەكان بەردەوامبوون بۆ ڕزگاركردنی، بەڵام دوای دەرهێنانی لە بیرەكە، گیانی لەدەستدابوو.